کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا گومانی تێدایە

به‌شی جیهان- له‌ حاڵێکدا که‌ بڕیار بوو یه‌ک مانگ و نیوی دیکه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بکشێنه‌وه‌ هه‌واڵه‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا به‌نیازه‌ زیاتر له‌ 400 هێزی خۆی له‌ سووریا بهێڵێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕاگه‌یاندنی بڕیاری کشانه‌وه‌ی تێکڕای هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی دیسێمبێری 2018وه‌ پاشهاته‌ و ڕه‌خنه‌یێکی زۆری به‌دواوه‌ بوو. کوردی سووریا که‌ له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردوودا بوونه‌ته‌ هێزی پیاده‌ی ئه‌مریکا بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش و ئێستاکه‌ش داوا له‌ واشنتۆن ده‌که‌ن ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گریمانه‌کراوی تورکیا بپارێزێت ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریکایان به‌ خه‌یانه‌ت و خه‌نجه‌رلێدان له‌ پشت وه‌سف کرد. ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی باڵای سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌وان وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و‌کاته‌ و نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش -که له‌لایه‌ن باراک ئۆباما سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئه‌مریکاوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان کرابوو-‌ ناڕه‌زایه‌تییان به‌ بڕیاره‌ به‌په‌له‌ و نه‌شیاوه‌که‌ی تره‌مپ ده‌ربڕی و ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی واڵستریت ژۆرناڵ که‌ مانگی ڕابردوو باسی له‌ کشانه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا تاکوو کۆتاییی مانگی ئه‌یپڕێڵ کردبوو، شه‌وی ڕابردوو له‌ ڕاپۆرتێکی دیکه‌ و له‌ زاری ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ نووسیی: مومکینه‌ ئه‌مریکا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ ناته‌واوه‌کانی له‌ سووریا له‌وان دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا نزیک به‌ هه‌زار هێزی خۆی له‌و وڵاته‌ بهێڵێته‌وه‌.

ژماره‌یێک له‌ کارناسان پێیان وایه‌ مومکینه‌ ئه‌مریکا هیوایێکی به ناردنی هێزی ئه‌ورووپا بۆ باکووری سووریا له‌سه‌ر داواکاریی دۆناڵد تره‌مپ‌ نه‌ماوه‌ و ناچار بوووه‌ ژماره‌یێکی زیاتر له‌ هێزه‌کانی له‌ سووریا بهێڵێته‌وه‌. مانگی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ داوای له‌ سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپیی هاوپه‌یمانیی خۆی کرد که‌ نزیک به‌ هه‌زار هێز ڕه‌وانه‌ی باکووری سووریا بکه‌ن به‌ مه‌به‌ستی دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ نێوان تورکیا و کوردی سووریا و به‌ره‌وپێش‌بردنی ئۆپه‌راسیۆن له‌ سووریا بگرنه‌ ئه‌ستۆ.

مانگی فێبڕیوێریی ڕابردوو کۆشکی سپی ڕای‌گه‌یاند که‌ 200 هێزی خۆی له‌ سووریا ده‌هێڵێته‌وه‌ و دواتر باسی له‌وه‌ کرد که‌ ژماره‌ی هێزه‌کانیان بۆ 400 هێز به‌رز ده‌کاته‌وه‌ چوونکه‌ 200 هێزی ئه‌مریکا له‌ بنکه‌ی ته‌نه‌ف له‌ سنووری سووریا- ئۆردۆن و عێراق جێگیر ده‌بن.

به‌ڵام شه‌وی ڕابردوو جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆکی ئه‌رکانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریکا کاردانه‌وه‌ی به‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی واڵستریت ژۆرناڵ پیشان دا و له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ هه‌واڵی ئه‌و ڕۆژنامه‌ ئه‌مریکییه‌ له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی هه‌زار هێزی ئه‌مریکا له‌ سووریا دووره‌ له‌ ڕاستی و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزی ئه‌مریکا به‌پێی به‌رنامه‌ی پلانداڕێژراو له‌ مانگی فێبریوێری کرده‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئاداری 2019 که‌ناڵی سی ئێن ئێن له‌ زاری به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریکاوه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ژماره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مریکا که‌ له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌ زیاتر له‌ 400 هێز ده‌بێت.

سی ئێن ئێن له‌ زاری چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی متمانه‌پێکراوه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ به‌رپرسانی ئه‌مریکا پێیان وایه‌ هێشتاکه‌ دۆناڵد تره‌مپ بڕیارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئه‌فغانستان و سووریا نه‌داوه‌ و ئه‌وان سه‌رقاڵی لێکدانه‌وه‌ی بژارده‌کانن به‌پێی بڕیاری تره‌مپ له‌ داهاتوودا و ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات ئه‌مریکا شک و گومانی له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52643

Your Comment

You are replying to: .
captcha