داعش له‌ توونێله‌کاندا خۆی شاردۆته‌وه‌/ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان یان مه‌رگ، ڕێگایێکی سێهه‌م نییه‌

به‌شی سووریا- به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی سووریای دیموکرات ده‌ڵێت: شه‌ڕێکی قورس له‌ نێوان هه‌سه‌ده‌ و چه‌کدارانی داعش به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام هه‌بوونی خه‌ڵکی سڤیل هێرشی کۆتایی بۆ سه‌ر داعشی هێواشتر کردۆته‌وه‌.

مسته‌فا بالی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی سووریای دیموکرات ئاماژه‌ به‌ دوایین دۆخی شه‌ڕی باغۆز ده‌کات و به‌ کوردپرێسی گوت: له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر له‌ سێ هه‌زار چه‌کداری داعش ته‌سلیم بوونه‌.

ناوبراو گوتیشی: له‌ پێکدادانه‌کانی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 8 خۆکوژی داعش خۆیانیان ته‌قاندۆته‌وه‌ و 38 چه‌کداری ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ کوژراون که‌ له‌م نێوانه‌دا چوار هێزی ئێمه‌ شه‌هید و 8 هێزی دیکه‌شمان بریندار بوونه‌ و توانیومانه‌ سێ ژن و چوار منداڵی ئێزدی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار بکه‌ین.

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هێزی سووریای دیموکرات ئاماژه‌ به‌ تاکتیکی داعش له‌ شه‌ڕی باغۆز ده‌کات و ده‌شڵێت: چه‌کدارانی داعش له‌ سێ لاوه‌ گه‌مارۆ دراون و ناتوانن هه‌ڵبێن و دوو ڕێگا له‌ به‌رده‌میانه‌؛ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان یان مه‌رگ، ڕێگایێکی سێهه‌م له‌ئارادا نییه‌.

مسته‌فا بالی ڕاشی‌گه‌یاند: چه‌کدارانی داعش خۆیانیان له‌ توونێله‌کاندا حه‌شار داوه‌ و خێزانیان له‌ که‌مپه‌کاندا ده‌ژین. ئاو و خوراک له‌ باغۆز ته‌واو بوووه‌، دره‌نگ یان زوو ناچارن خۆیان ته‌سلیمی هێزه‌کانی ئێمه‌ بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52559

Your Comment

You are replying to: .
captcha