بەپێی هەواڵی کوردپرێس شەهریار حەیدەری بەڕێوەبەری گشتیی خاڵە سنوورییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: "لە سەرووی شاندێکی ئێرانی بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆسەی بە فەرمی کردنی خاڵی سنووری شۆشمی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانم کردووە و لەو سەردانەدا پڕۆسەی بەفەرمی کردنی ئەو دەروازە سنوورییە لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کراوە.
حەیدەری زیادی کرد: لە سەردانەکەماندا لەگەڵ بەرپرسانی هەڵەبجە و سلێمانی و بەرپرسانی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیدارمان کرد و ڕێنمایی و پەیڕەوی پێویست بۆ بە فەرمی کردنی مەرزی شۆشمێ لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە وەرگیراوە و بەم زووانە دەروازەی سنووری شۆشمێ وەکوو دەروازەیێکی فەرمی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی خاڵە سنوورییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران گوتیشی:پڕۆسەی بە فەرمی کردنی خاڵە سنوورییەکان پڕۆسەیێکی درێژخایەنە ئێستا هەموو کارەکان تەواو کراوە بۆ ئەوەی بازاڕچە و مەرزی لاوەکیی شۆشمێ بکرێتە دەروازەی سنووری فەرمی.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد هەر لە سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی مەرزی تیلەکۆ و دەوڵەمەندکردنی مەرزی شێخ سڵە و بەفەرمی کردنی سنووری پەروێزخان و هەموو خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی خاڵە سنوورییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران زیادیشی کرد: لە سەردانەکەماندا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی باشمان لە سەر خاڵە سنوورییەکان کرد و لەو بارەیەشەوە لێکگەیشتنی باش لە نێوان بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە و بێ گومان گفتوگۆکان دەوری ئیجابیی دەبێت لە پێشخستنی کەرتی ئابووری بۆ ئێرانیش و هەرێمی کوردستانیش. بۆیە دەوڵەتی ئێران وەکوو دەرفەتێکی هەرە باش دەڕوانێتە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
Your Comment