عەمار حەکیم: بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە بەرانبەر زلهێزاندا پشتگیریی ئێران بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆککۆماری ئێران لە درێژەی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق چاوی بە عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانیی ئیسڵاح کەوت و لە دیدارەکەیاندا عەمار حەکیم ڕایگەیاند: بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە بەرانبەر ئەمریکا پشتگیریی ئێران بکەین.

کوردپرێس:

نووسینگەی عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانیی چاکسازی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 12ی ئاداری 2019 بەیاننامەیێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند لە دیداری نێوان عەمار حەکیم حەسەن ڕۆحانیدا دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کراوە و

ڕۆحانی لەو دیدارەدا ئاماژەی بە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوچەکە و عێراق کردووە و توویەتی ئێران ئامادەیە وەکوو جاران دەستپێشخەر بێت بۆ چارە کردنی کێشە هەرێمییەکان.

لای خۆیەوە عەمار حەکیم جەختی کردۆتە سەر زەروورەتی پاراستنی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی و یەکپارچەییی پێکهاتەکانی عێراق.

عەمار حەکیم هەروەهاش وتوویەتی: "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە بەرانبەر چاوچنۆکی و ستەمکاری و پڕۆپاگەندەی زلهێزانی دژی ئێران، پشتگیریی ئەو وڵاتە بکەین.

شایانی باسە ڕۆژی دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 20ی ڕەشەمەی 1397 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە بانگهێشتی بەرپرسانی باڵای عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پێتەختی عێراق و بڕیارە لەو سەردانەیدا کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت و تا ئەم کاتەش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و کۆمەڵێک خاوەنبیر و چالاکی ئابووریی عێراق کۆ بووەتەوە و بڕیارە سبەی چوارشەمە 13ی ئادار لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی ئاینیی شێعەکانی عێراق دیدار بکات.

News Code 52511

Your Comment

You are replying to: .
captcha