سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نامه‌ی دەست لەکاردەکێشانه‌وه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "من بەدەنگی خەڵک هاتووم بۆ پەرلەمان و یەکێتی و پارتی دەبێت بە ئاواتەوەبن من تەنزولیان بۆ بکەم، یەکێتی و پارتی و سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆیە رێگرییان لێکردووم چوونکە ئەو کۆمپانیا و کارگە و بیرە نەوت و قاچاغچێتی سەر سنوورەکانی نەبووە و مامەڵەم لەگەڵدا نەکردوون و باسم لە مافی خەڵک و بارگرانی ژیان و گوزەران و مووچە و دزینی بیرەنەوتەکان کردووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پەرلەمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات و دواتر بە نووسراوێک داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی هیوا دەست بە خزمەتکردنی هاوڵاتییان دەکاتەوە.

کازم فاروق له ‌نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یدا بۆ سه‌رۆكایه‌تیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان نووسیوویه‌تی، "به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌رواری 31-3-2021 به‌ بڕیارێكی ناپه‌یڕه‌وی و نایاسایی، به‌ده‌ر له‌ هه‌موو یاسا كارپێكراوه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوازێكی نادیموكراتیانه‌ رێگری ده‌كه‌ن له‌ به‌شداریكردنم له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌كان".

هه‌روه‌ها له‌ نووسراوێكی دیكه‌دا، کازم فاروق داوای له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، كه‌ رێگه‌ی بده‌ن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كاره‌كه‌ی پێشووی كه‌ وه‌كوو پزیشكی پسپۆڕی چاره‌سه‌ركردنی شێرپه‌نجه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كاری كردووه‌.

ساڵی رابردوو، بەهۆکاری ئەوەی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق پێڵاوەکانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان گرت، لەسەر داوای سەرۆکایەتی پەرلەمان و به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران رێگری لێكرا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكات تا ئه‌وكاته‌ داوای لێبووردن ده‌كات.

سەرچاوە: خەندان

News Code 5251

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha