بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی 26ی ڕەشەمەی 1397 بەرانبەر بە 17ی ئاداری 2019 لە هۆڵی سینەما بەهمەنی شاری سنە پەردە لە سەر ئەلبۆمێکی نوێی مۆسیقای عادڵ نادری هونەرمەندی خاوەن ستایل و بەتوانای کورد لادەدرێت.
ئەلبۆمی نوێی عادڵ نادری بە ناوی "ئای دڵ" 8 کۆپلە مۆسیقا لە خۆ دەگرێت و تایبەتمەندیی ئەلبۆمەکەش ئەوەیە کە ئەو هونەرمەندە کوردە بە چوار زاراوەی سۆرانی و کەلهوڕی و هەورامی و کرمانجی لە ئەلبۆمەکەدا گۆرانیی چڕیوە و ڕەنجی زیاتر لە دەساڵی ئەو هونەرمەندەی تێدایە کە لە سەر ئەرکی خۆی تۆمار کراوە و ئەلبۆمەکە سپۆنسەری نییە.
عادڵ نادری (بۆڕیەری) دانیشتووی شاری سنەیە و یەکێکە لە هونەرمەندە خاوەن ستایلە مۆسیقازانەکانی کوردەواری و دەنگی ئەو هونەرمەندە شکۆی تایبەت بە خۆی هەیە و زایەڵەی دەنگی عادڵ نادری کۆڕ و کۆبوونەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و فەرمییەکانی ڕازاندۆتەوە و پێشتر دوو ئەلبۆمی مۆسیقای بڵاو کردبووەوە. یەکیان "بیرئانینی مامۆستا حەسەن زیرەک" کە ساڵی 1375ی هەتاوی بڵاو کرایەوە و ئەوی دیکەش "سیروان" بوو کە ساڵی 1385 تۆمار کرابوو.
ناوبراو پێشتر لە چەندین وڵاتی ئەورووپی و ئاسیایی کۆنسێرتی کردبوو کە هەندێکیان بریتی بوون لەمانەی خوارەوە: شاری مینسکی وڵاتی بلاڕووس، شاری بووداپستی هەنگاریا، بیشکەکی قرقیزستان و خانەقینی عێراق و چەندین شاری وڵاتی ئێران.
عادڵ نادری یەک لەو هونەرمەندە کوردانەیە کە بایەخی کەمتری پێدراوە و بەرهەم و دەنگی ئەو هونەرمەندە گەواهی دەدەن کە شایستەی ئەوەیە بەرپرسانی ئیدارەی ڕۆشنبیری و هەڵسووڕاوانی کەرتی فەرهەنگی سەرنجی زیاتر بەرەو ئەو هونەرمەندە کوردە بگوێزنەوە و پشتگیریی ئەو دەنگە ڕەسەنە بکەن بۆ ئەوەی لە مێژووی فەرهەنگ و هونەری کوردیدا جێگای شایستەی خۆی پێببەخشرێت.
Your Comment