بەپێی هەواڵی کوردپرێس موحسین بیگلەری نوێنەری خەڵکی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەمە 10ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 19ی ڕەشەمەی 1397 لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد.
بیگلەری لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند: ئێستا قەیرانی دارایی تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە و پێویستە دەوڵەت هەموو سەرنجی خۆی بۆ ئەو بەشە کۆ بکاتەوە. بۆیە داوا لە سەرۆککۆمار دەکەم کە سەردانی بەغدای کرد مەسەلەی کرانەوەی دەروازەی سنووری سەیرانبەندی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان یەکلا بکاتەوە.
ئەو نوێنەرە کوردەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە وتەیێکی ڕۆحانی کرد کە پێشتر وتبووی: "ئێران لە جەنگی ئابووریدایە و ئایەتوڵا خامنەیی سەرۆککۆماری وڵات بە فرماندەی ئەو جەنگە ئابوورییە دەزانێت".
بیگلەری داوای لە ڕۆحانی کرد وەکوو فەرماندە و قیادەی شەڕەکە دەربکەوێت و موتابەعەی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
شایانی باسە بڕیارە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران ڕۆژی دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بە سەردانێکی فەرمی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بچێتە بەغدا و جگە لەوەی لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق دیدار دەکات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش کۆ ببێتەوە. هەر بەو بۆنەیەشەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئێستا لە بەغدایە و سەرقاڵی ڕێکخستن و ئامادەکاری کردنە بۆ سەردانەکەی ڕۆحانی.
Your Comment