هاوپەیمانێتییێکی تازەپێگەیشتووی کوردی سووریا، کارتی گوشاری نوێی تورکیا

بەشی جیهان- گرووپێکی کوردیی نەوپا کە پێوەندیی لەگەڵ تورکیا ڕەت ناکاتەوە و خۆی بە هاوپەیمانێتیی کوردیی سەربەخۆ دەناسێنێت، بەنیازە چالاکییەکانی خۆی لە حەوزەی کاروباری کوردەکاندا پەرەپێبدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرووپێکی کوردی کە پێوەندییێکی ئاشکرای لەگەڵ تورکیا هەیە، خۆی بە نوێنەری بەشێک لە کوردەکانی سووریا دەزانێت داوای دەرکردنی دیکەی گرووپە کوردەکان دەکات لە سووریا کە بە تیرۆریستیان دەزانێت.

لەبنەڕەتدا کوردەکانی سووریا لەلایەن دوو گرووپەوە سەرکردایەتی دەکرێن: پارتی کوردی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا پەیەدە کە یەپەگە باڵی سەربازیی ئەم حزبەیە و دووهەمیان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا یا ئەنەکەسە. ژمارەیێک لەوباوڕەدان کە یەپەگە لقی سووریی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیایە کە لەلایەن تورکیا و ئەمریکاوە خراوەتە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

هاوپەیمانیی سەربەخۆی کوردی لە 23ی شوباتی 2019 لە شاری مرسینی تورکیا کۆبوونەوەیێکی بەڕێوە برد. ئەم هاوپەیمانییە کوردییە خۆی وەکوو حزب یان ڕێکخراوە نەناساندووە بەڵکوو خۆی بە دامەزراوەیێکی سەربەخۆ ناودەبات. ئەندامانی بریتین لە سیاسەتوانانی بەناوبانگ، پارێزەران، نووسەران و کەسایەتییە ئایینییەکان. ئەم گرووپە کە پێشتر بەشێوەی نهێنی سێ کۆبوونەوەی ئەنجام داوە گەورەترین دانیشتنی خۆی لەسەروبەندی هێرشی سەبازیی گریمانە کراوی تورکیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، لە تورکیا ئەنجام داوە.

ئەم هاوپەیمانییە لە دانیشتنەکانیدا ئاڵای تورکیا بەکار دێنێت و کۆبوونەوەکانی پێشتریشی لە شاری کوردنشینی عەفرین کە لە کونترۆڵی تورکیادایە بەڕێوە بردووە ئەم گریمانەیە دەخاتەڕوو کە لەلایەن تورکیاوە ڕێکخراون یان ئەوەی کە بەجیدی لەلایەن ئەنقەرەوە پشتگیرییان لێدەکرێت.

نزیک لە 300کەس لە کۆبونەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە کوردییەدا لە تورکیا بەشدارییان کردوو و چەند پرسیاریان تاوتوێ کردووە، چ کەسێک نوێنەری کوردەکان؟ چ کەسانێک دۆست یا دوژمنی کوردن؟ زیاترین موناقیشە لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر حزبی کوردیی پەیەدە و لقە سەربازییەکەی واتا یەپەگە بوو. ئەم گرووپە نوێیە لەسەر ئەوەی کە یەپەگە و پەیەدە تیرۆریستن هاوڕا بوون.

عەبدولعەزیز تەمۆ سەرکردەی ئەم هاوپەیمانێتیە کوردییەی سووریا دەڵێت کوردی سووریا وەکوو کارتی گوشار بەکار هێندراون. ناوبراو بە ئەلمانیتۆری وتووە کوردانی سووریا بەدوای چارەسەر لەنێوخۆی سووریا بوون و ئێمە بەشێکێن لە خەڵکی سووریا. ئەو کاتەی کە پرسەکە بەتەواویی لە سووریا چارەسەر بکرێت، کێشەی ئێمەیش چارەسەر دەبێت و ئێمە وەکوو کوردانی سووریا دەستمان بە مافی خۆمان دەگات.

عەبدولعەزیز تەمۆ دەڵێت کوردەکانی سووریا لە نێوان دوو فەماندەییدا گیریان خواردووە یەکیان لە قەندیل کە پەکەکە-یە ئەوی دیکەش لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو هەروەها ڕایدەگەیێنێت گرووپی سەربە پەکەکە واتا یەپەگە تیرۆریستن و دوژمنی خەڵکی کوردن و پێوەندییان بە بابەتی کوردەکانەوە نییە و لە کوردەکانی سووریا وەکوو ئامێرێکی بەهێز بوون کەڵک وەردەگرن. بەڕای ناوبراو ئەم گرووپە کوردانی سووریا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن و دەستیان داوەتە کوشتنی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکانی مەدەنی.

تەمۆ زیادی کرد لە دانیشتنەکەماندا ڕێککەوتین لەسەر ئەمەی کە ئەوان تیرۆریستن. ئەوان ناتوانن نوێنەری ئێمە بن ئەبێت لە وڵاتی ئێمە بچنە دەرەوە. گرووپی دانیشتووی هەولێریش داخوازییەکانی کوردی سووریایان پێوشوێنگیری نەکردوو. ئەوان دەڵێن دابین کردنی مافی کورد بەسراوە بە دامەزراندنی کوردستانی سووریاوە.

فەرماندەی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە دەڵێت "کێشەمان لەگەڵ تورکیا، ئێران و عێراق نییە گرفتی ئێمە لەگەڵ دیمەشقە. ناوبراو هەروەها پێوەندیی نزیکی لەگەڵ تورکیا نەشاردەوە".

تەمۆ وتیشی ئێمە پێوەندییێکی دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە. ئێمە بەشێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاین کە تورکیا بە دوژمن نازانین. کێشەی ئێمە دیمەشقە. ئێمە دەمانەوێت بڵێین هیچ پێوەندییێکمان لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە نییە. تورکیا هیچ کات شەڕی لەگەڵ کوردی سووریا نەکردووە و تەنها دژ بە پەکەکە هەوڵی داوە. دوژمنی هاوبەشی ئێمە و تورکیا پەکەکە-یە.

بەڵام ئایا ئەم بزووتنەوە نوێیە لە سووریا پێگەیێکی هەیە؟ وەهاب چۆکسۆن ماموستای زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر دەڵێت ئەم سەرهەڵدانە نوێیە بە تەنیایی ناتوانێت ڕێگا چارەی بێت.

وەهاب چۆکسۆن بە ئەلمانیتۆر دەڵێت: ئەمریکا بەداوی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریایە ئەوش بە هەیکەلیەتێکی کوردییەوە. هەموو ڕۆڵگێڕەکان بەچەشنێک پێوەندییان لەگەڵ پەیەدە هەیە. ئەوەی کە تورکیا دەبێت ئەنجامی بدات گفتوگۆ کردن لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکانی سووریایە. ئەمەی کە دەڵێن پەیەدە نوێنەری کوردەکانی سووریا نییە یان هیچ پێوەندییێکی بە تورکەکانەوە نییە، دوورە لە ڕاستی. تورکیا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا و یەپەگە بکات. تورکیا هەڵە دەکات کە گفتوگۆ لەگەڵ یەپەگە ناکات لە حاڵێکدا کە هەمووان سەرقاڵی دانووستان لەگەڵیاندان.

چۆکسۆن زیادی کرد: گرووپێک بە تەنیایی ناتوانێت نوێنەری هەموو کوردەکان بێت، نابێت تورکیا تەنها لەگەڵ یەک گرووپ دانووستان بکات.

ناوبراو دەڵێت سووریا بووەتە سێ دەستەوە: لە لایێکەوە دەوڵەتی ناوەندییە کە ڕووسیا و ئێران پشتگیری لێدەکەن و زۆرینەی خاکی سووریای بەدەستۆیە، لایەنی دووهەم سوپای ئازادی سەربە ئۆپۆزیسیۆنن کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات و لە کۆتاییدا لایەنی پەیەدە-یە کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەوانە. دیاری کردنی چارەنووسی کوردی سووریا لە لایەن گرووپێکەوە کە لە تورکیا کۆبوونەتەوە نامومکینە و جێبەجێ ناکرێت.

ئەم هاوپەیمانێتییە نوێی کوردییە کە پشتگیرییان لە لایەن تورکیاوە گومانی تێدا نییە و داوای لەسەر دەسەڵات لابردنی ئەسەد دەکەن. داواکاریەکەیان لەگەڵ هەوڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا کە بەشێوەی نهێنی خەریکی باشتر کردنی پێوەندییەکانییەتی لەگەڵ دیمەشق یەک ناگرێتەوە. ئەم ڕەوتە دژبەیەکە توانای گرووپی کوردیی نوێی سووریا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان دەخاتە بەر پرسیارەوە.

سەرچاوە: ئەلمانیتۆر

نووسەر: مەحموود بوزئەرسەلان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52406

Your Comment

You are replying to: .
captcha