بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی پانێلێکدا لە شەشەمین دیداری سلێمانی لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق و ناوچەکەوە دواو و رایگەیاند پێبەند بوون بە جێبەجێ کردنی دەستوور و بنەما نەتەوەییەکان وڵات یەکپارچە دەکاتەوە و لە دابەشبوون دەیپارێزێت.
سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند ئەو سەرکەوتنەی بەرامبەر داعش بەدەستھات سەرکەوتنێکی گرنگە، بەڵام "رەنگە داعش ھەلێک بدۆزێتەوە بۆ خۆڕێکخستنەوەی و ئەگەر عێراق ھەرەسبھێنێت تەواوی ناوچەکە ھەرەسدەھێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، " بۆ کەم کردنەوەی مەترسیی تیرۆر، پێویستە بارودۆخی سیاسی رێکبخرێتەوە".
لەبارەی بوونی گەندەڵی لە عێراقیدا سەرۆک کۆمار وتی، "گەندەڵی کارەکان پەکدەخات، ئەگەر گەندەڵی لەناونەبەین ناتوانین رووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە، پرسی گەندەڵی بە دروشم چارەسەر ناکرێت، لە وەرزی دووەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران میکانیزمی نوێ بۆ لەناوبردنی گەندەڵی دەخرێتەڕوو و ھیوادارم ئەوەی لەتواناماندایە ئەنجامی بدەین بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی".
بەرھەم ساڵح روونی کردەوە عێراق بەرەو گۆڕانکاریی ئابووری گەورە ھەنگاو دەنێت و لەتوانایدایە وەبەرھێنانی گەورە بکات و ئێستا عێراق بووەتە پردێک بۆ ئابووریی ناوچەکە، ئەگەر عێراق ھەرەسبھێنێت ناوچەکە ھەرەس دەھێنێت.
لەبارەی قەیرانی ھەشت ساڵەی سووریاوە بەرھەم ساڵح رایگەیاند ئەوەی لە سووریا روویدا کارەساتێکی گەورە بوو بۆ ئەو وڵاتە و ناوچەکە، رەوشی سووریا بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت و عێراق پشتگیریی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا دەکات.
سەرچاوە: بەغداد ئەلیەوم
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment