دایرەی سامانە سروشتییەکانی کوردستان: ئەسبابی ئاگرکوژاندنەوەمان نییە/ دارستانەکانی کوردستان تاڵان دەکرێت

بەشی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتیی دایرەی سامانە سروشتییەکانی پارێزگای کوردستان وتوویەتی ئەسبابی ئاگرکوژاندنەوەیان زۆر کەمە و داوای لە بەرپرسانی حکوومی کرد بۆ ساڵی داهاتوو تەگبیرێک بۆ دابین کردنی کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە چیا و دارستانەکانی کوردستان بکەن.

سەعدی نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتیی دایرەی سامانەی سروشتییەکانی پارێزگای کوردستان لەو باریەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند لە ساڵی 97ی هەتاویدا 49 کەیسی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان ڕووی داوە کە لە ئەنجامدا 798 هێکتار (3192) دۆنم لە دارستانەکانی کوردستان سووتاون.

نەقشبەندی گوتیشی لە کۆی دارستانە سووتاوەکاندا 262 هێکتار (1048) دۆنم لە دارستانی مەریوان سووتاوە و 15 هێکتار (60) دۆنمیش لە دارستانەکانی دێگولان سووتاون کە بە ڕیز دەکەونە خانەی زیاترین و کەمترین شارەکانی خەساربەرکەوتووی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای کوردستان.

بەڕێوەبەری سامانە سروشتییەکانی پارێزگای کوردستان ئاماژەی بە دیاردەی تاڵان کردن و بەقاچاخ بردنی داری دارستانەکانی کوردستانیش کرد و ڕایگەیاند بە هۆی گران بوونی کاغەزەوە خەڵکانێکی هەلخواز کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی کوردستان داربڕین و تاڵان کردنی دارستانەکانی زیادی کردووە.

ناوبراو گوتیشی فەرمانبەرانی دایرەی سامانە سروشتییەکان لە پارێزگای کوردستان چاودێریی 800 بارە داریان کردووە و پاش پشکینەکان دەرکەوتووە کە زیاتر لە 400 لۆری لەو بارە دارانە قاچاخ و بێ مۆڵەت بوون.

پارێزگای کوردستان یەکێکە لە پارێزگا هەرە دەوڵەمەندەکانی وڵاتی ئێران و بە حوکمی ئەوەی لە زنجیرە چیای زاگرۆسدایە دارستانی چڕوپڕی زۆری تێدایە و ساڵانە دیاردەی ئاگرکەوتنەوە و داربڕین وەکوو خەسارێکی گەورەی سروشتی لە لایەن چالاکان و هەڵسووڕاوانی مەدەنییەوە ئاوڕی لێدەدرێتەوە بەڵام دامودەزگای پێوەندیدار بە شێوەی شایستە نەیتوانیوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاراستنی ئەو میراتە سروشتییە بنوێنێت. تەنانەت ئاگرکوژاندنەوەکانیش بە ئەسباب و کەرەستەی بەکەڵک نەهاتوو دەکرێت و جگە لە دایرەی سامانە سروشتییەکان هیچ دەزگایێکی حکومی بەشداریی هەڵمەتەکە ناکات و زیاتر بە خەڵکی مەدەنی دەکرێت.

News Code 52350

Your Comment

You are replying to: .
captcha