بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لە نووسینێکدا لەژێر ناونیشانی "ھێرشی ڕووسیا و دیمەنی نوێژی چیچانیەکان"؛ کاردانەوەی لەسەر دیمەنی نوێژی چیچانییەکان نیشان دا، دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
ھێرشی ڕووسیا و دیمەنی نوێژی چیچانیەکان
دەسەڵاتی چیچان و سەرۆکەکەی سەر بە ڕووسیان و ئەم سوپایەی نوێژ دەکات لە ژێر فەرمانی پۆتیندان ، راستە گەلی چیچانی پابەندی پایەکانی ئیسلامن، بەڵام لە رووی عەقیدە "ولاء و براء" وشیاری و تێگەشتنی ململانێ و بەرژوەندیه نێودەوڵەتێەکان، پێدەچێت لاوازبن و دیارە بەربەست و پاساوی خۆشیان ھەیە !
بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمەی سوپای چیچانی مەیل بە ڕووسیا، دوورە لە ھەڵوێستی دروستی موسڵمان لەم شەڕە داگیرکارییەی ڕووسیا، ئەگەر پۆتین پاساوی هەڵاوسانیشی ھەبێت!
من داکۆکی لە ئۆکرانیا ناکەم و ئەزانم ئەمریکا و ناتۆ بە شویان دا بەڵام دواجار ھێرشی زلھێزانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا زۆر جار داگیرکاری وستەم و ماڵوێرانیە و موسڵمان ھەرگیز نابێ پشتێوانی ستەمکاربێ.
شەڕەکە ململانێی رۆژئاوا و و ڕۆژھەڵات و گەرانەوەیە بۆ سەردەمی شەڕی سارد و ھۆکاری ئابووری و ئەمنی ھەیە و کێشەیەکیشە کە رەگی لە مێژوودا ھەیە و ڕووسیا دەستپێشخەریکرد پێش ئەوەی زیاتر ئابلوقە و گەمارۆ بدرێ و دەوری بگیرێت بە ئەمریکا و ناتۆ و ئەمانە جگەلە رەھەندە ئابورییەکەی !
داگیرکردنی ئۆکرانیا زەنگی دوو جەمسەری و بێ ماھیەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و بێ دەسەڵاتی و فشۆلی ناتۆیە لە گەڵ لاوازی ئەمریکا و کاریگەری بۆ سەر ناوچەی خۆشمان ئەبێت.
لێرە ھەڵوێستی دەسەڵاتی چیچانیەکان ناچاری کردم ھەندێ زانیاری مێژووی لە سەر ستەمی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤێەتی جاران لە ئۆکرانیا ئاماژە پێبدەم :
- ساڵی ١٨٣٣ سوپای ڕووسیا چی کتێبخانەی ئیسلامی بوو لە ئۆکرانیا، لە کتێب و دەستنووسی مێژووی و قورئان سووتاندی .
- ڕووخاندنی ٩٠٠ مزگەوت و بەکارھێنانیان بۆ گەوڕی ئاژەڵ، تا ئێستا لە کریمیا «قرم» شوێنەواریان ماوە .
- ساڵی ١٨٧٦ ڕووسیا مەراسیمی حەجیان لە موسڵمانان قەدەغە کرد.
- ساڵی ١٨٩٠ ڕووسیا ھەستا بە داخستن و رێگرتن لە قوتابخانە پەروەردەییە ئیسلامیەکان و لە ١٥٥٠ قوتابخانە تەنھا ٢٧٥ مایەوە .
- تێکدان و دەستکاری قەبرسانی موسلمانان و بردنی بەردی سەر قەبرەکان بۆ دروستکردنی خانوو.
- پاش شۆرشی ١٩١٧ ستەم وزۆرداریان بە ناوی مارکسی و بێ باوەری زیاتری کرد و سەدان بانگخواز خرانە زیندان و ھەزارەھا موسلمان ناچارکران زێدی باوباپیرانیان بە جێبھێلن بە تایبەت لە قەرەم "کریمیا".
- ساڵی ١٩٢١ ڕووسەکان مزگەوتی گەورەی شاری سيمفيروبلیان کردە کارگەی زەیت و رۆن.
مزگەوتی بەردیان کردە ئەرشیف و مۆزەخانەی هێزی دەریایی . مزگەوتی تينيستافیان کردە ئەمباری بەروبومی کشتوکاڵی، مزگەتی گەورەی شاری بخشيسرايان کردە مۆزەخانە و تا ئێستاش مۆزەخانەیە .
- ساڵی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٤٠ ھیچ شوێنەوارێکی ئیسلامییان نەھێشت و نووسینی عەرەبی قەدەغە کرا و کتێبە ئیسلامییەکان کۆکرانەوە و سوتێنران و دەستکرا بەشێواندنی مێژوو و کلتوری ئیسلامی.
- ساڵی ١٩٤٤ ستالين ٢٠٠ ھەزار موسوڵمانی قەرەمی دەرکرد و ناردنی بۆ کازخستان.
- ساڵی١٩٨٠ بەشێکی کەم لە موسلمانانی ئۆکرانیا توانیان خۆیان رێکبخەنەوە و کەمێک ئازادتربن لە جاران.
- ساڵی ١٩٩١ كه ئۆكرانيا سەربەخۆیی ڕاگەیاند، موسوڵمانان نەفەسی ئازادیان زیاتر ھەڵمژی و داوای مافی خۆیان کرد و توانیان بە ئازادی مەراسیم و دروشمە ئیسلامییەکان بە ئاشکرا جێبەجێ کەن.
ئەمە کورتەیەکە و دەزانم ئێستا ڕووسیاش گۆراوە و دەیان مزگەوت ھەیە، بەڵام ئەمەش مێژویەکە و ھەیە.
بۆیە پشتێوانی موسلمانی چیچانی مەگەر نەزانینیان شەفاعەتیان بۆ بکات ئەگەرنا ڕەوا نیە بچنە شەرێکی لەمجۆرە کە داگیرکارییە.
Your Comment