به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فالح فه‌یاز له کۆڕبه‌ندی ساڵانه‌ی هه‌ولێر و له میانی به‌شداری کردنی له پانێلێکدا به ناوی (ئاسۆی سیاسه‌تی ناوخۆییی عێراق: لێكترازانی زیاتر یان رێککه‌وتن؟) گوتی: وڵات له‌سه‌ر هاوكێشهیێک بونیاد ده‌نرێت كه هاوكێشه‌ی هاووڵاتی بوون، ڕێزگرتن له شوناس و تۆمهتبارنهكردنی یه‌كدییه و "پێموایه گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌رێنین و كێشه‌ی تائیفه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ی كردووه."
ناوبراو باسی له داعش‌یش کرد و ڕایگه‌یاند: "به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی من كه له دامه‌زراوه‌ی ئه‌منیدا كار ده‌كه‌م، ئه‌و داعشه‌ی ده‌یناسین كۆتایی هات و ئێستا ململانێی مانه‌وه ده‌كات، له‌ملاوله‌ولا چه‌ند شانهیێكی هه‌یه و سوود له هه‌ندێک بۆشایی و كه‌لێن وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها سوود له جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌رنامه له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاواره‌كان وه‌رده‌گرێت به شێوه‌یێكی گشتی، هه‌روه‌ها شاده‌ماری بنه‌ڕه‌تی مانه‌وه‌ی داعش ڕه‌وشی سووریایه. ده‌بێت دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێین که داعش كۆتایی هاتوووه به‌ڵام ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هزری توندڕه‌وی به ته‌نیا به‌رپرسیاریه‌تیی عێراق و حكوومه‌تی عێراق نییه. ئه‌وه بهرپرسیاریهتییێكی نێونهتهوهیییه بۆیه ئێمه له زۆربه‌ی كۆنگره گه‌وره‌كان ئاماده ده‌بین. هه‌روه‌ها دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیدا به‌رنامه‌ی ستراتێژیی عێراقیمان په‌سند كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندئاژۆیی."
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی: "به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و وڵاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه تیرۆریسته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه. 2500 چه‌كداری بیانی داعش هه‌ن که وڵاته‌كانیان ڕه‌تیان ده‌كه‌نه‌وه وه‌ریانبگرنه‌وه، ئه‌ی چۆن ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. پێموایه ده‌بێت جیهان قه‌ره‌بووی عێراق بكاته‌وه. حكوومه‌تی عێراق به‌م بودجه و توانایه‌وه ناتوانێت مووسڵ ئاوه‌دان بكاته‌وه. چه‌كداره بیانییه‌كانی داعش كه 250 ڕه‌گه‌زی بیانییان پێكهێناوه، ڕۆڵیان هه‌بوو له ماڵ‌وێران كردنی ژێرخانی عێراق و شاری مووسڵ. بۆچی قوربانییانی ڕووداوی لۆكه‌ربی و 11ی ئهیلوول له نیۆیۆرک و چه‌ند وڵاتێكی دیكه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه به بڕی 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلار، ئه‌ی بۆچی ئه‌مه له عێراق ڕوو نادات؟ ده‌بێ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له ڕێگه‌ی هاووڵاتییهكانیانهوه له ڕیزه‌كانی داعش به‌شداری ماڵوێرانی عێراق بوون قه‌ره‌بووی عێراقییه‌كان بكه‌نه‌وه. پێویسته له ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه قه‌ره‌بوویان بكه‌نه‌وه و منداڵه‌كان له دۆخی خراپی ده‌روونییه‌وه ڕزگار بكه‌ن و هاوكاریان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان."
فالح فه‌یاز ده‌ڵێت: "له سه‌ره‌تای چه‌ند ساڵی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، ناكۆكی سیاسیی عێراقمان به ناونیشانی لاوه‌كی به‌ڕێوه برد. ده‌سته‌واژه‌كانی سوننه، شیعه و كوردمان به‌ڕێوه ده‌برد نه‌وه‌ک به ناونیشان و به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی بۆ به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی وڵات و هاونیشتمانی بوون و هاوسه‌نگی دروست كردن. پێكهاته‌كان له چه‌ند شارێكی عێراقدا دابه‌ش بوون. چۆن تائیفه‌گه‌ری له ڕێگه‌ی كۆنفیدراڵییهوه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟ به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌ی زیاتر دروست ده‌بێت. عێراق یه‌كه‌یێكی سیاسییه و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ڕێككه‌وتن به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقی ده‌وڵه‌تێكی ئیتحادی ده‌بێت. هه‌ر هه‌ڵه و كهموكوڕییێک هه‌بووبێت له سیسته‌می ده‌وڵه‌تی ئیتحادییه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكوو له خراپ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بووه. ئه‌مانه و خراپی دۆخی وڵات هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی داعش و گرووپه توندئاژۆكان سه‌رهه‌ڵبده‌ن و ئه‌گه‌ر بهرهیێكی به‌هێز و تۆكمه‌ی نێوخۆیی عێراقی هه‌بوایه، ئه‌و کاته ڕێكخراوه تیرۆریسته‌كان و ده‌ستوه‌ردانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رفه‌تیان پێ نه‌ده‌درا بۆیه پێموایه كۆنفیدراڵییهت چاره‌سه‌ر نییه به‌ڵكوو كێشه‌یێكی نوێیه. هه‌ندێک شوێن له عێراق هه‌ن ته‌نانه‌ت بۆ سیسته‌می ئیتحادیش ئاماده نین و كولتووری سیاسی زۆر سسته و كێشه‌كانیشیان زۆر لۆكاڵین."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment