به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26-2-2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له فرانسوا ئۆلاند سهرۆکكۆماری پێشووی فه‌ڕه‌نسا و دۆستى گه‌لى كوردستان كرد و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و فه‌ڕه‌نسایان تاوتوێ کرد.
له دیدارێكدا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران ئاماده‌ی بوو نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ''سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و دۆستایه‌تیى به‌ڕێزیان و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمی كوردستان له كاته سه‌خته‌كاندا كرد و ڕۆڵی فه‌ره‌نسای له لابردنی ئابلۆقه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخاند''.
سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێک له گرفته‌كان كرد و ''پشتگیریى هه‌رێمی كوردستانی بۆ حكومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ڕێگه‌ی گفتوگۆوه دووپات كرده‌وه''.
سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له هه‌رێمی کوردستان و عێراق رایگه‌یاند: ''مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه و له‌مباره‌یه‌وه ئێستا هه‌ماهه‌نگی له نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه هه‌یه به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، وێڕاى ئه‌وه‌ی كه هه‌ولێر و به‌غدا له چه‌ند بواری دیكه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له گفتوگۆدان''.
لای خۆیشیه‌وه فرانسوا ئۆلاند "وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌م سه‌ردانه پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى چه‌ند ناوچه‌یێكی مووسڵ و به‌شدارییان له ڕێوڕه‌سمی پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵاتی شه‌هیدی ڕۆژنامه‌وان شیفا گه‌ردی پێشكه‌ش كرد''.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ''باسی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی كرد و ده‌ستخۆشی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه كرد بۆ حه‌واندنه‌وه و پاراستنی ژماره‌یێكی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران''.
ناوبراو جه‌ختیشى له گرنگیى هه‌ماهه‌نگیی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ دابین كردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست له ناوچه زیانبهركهوتوووهكان كرده‌وه.
شایانی باسه؛ ڕۆژی دووشه‌ممه 25-2-2019 له‌سه‌ر بانگهێشتی تۆڕی میدیاییی ڕووداو، فرانسوا ئۆلاند گه‌یشته هه‌ولێر و به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتی جیهانیی ساڵانه‌ی شیفا گه‌ردی کرد که تێیدا خه‌ڵاته‌که به‌خشرا به جینان مو‌سا په‌یامنێری که‌ناڵی (ئه‌ل ئان)ی عه‌ره‌بی که رووماڵی شۆڕش و شه‌ڕی چه‌ندین وڵاتی ناوچه‌که‌ی کردوووه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment