مه‌حموود عوسمان: پارتی و یەکێتی لە سەر هەموو شت کۆکن جگە لە مەسەلەی کەرکووک

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد ده‌ڵێت: پارتی و یه‌كێتی له‌ كۆی ١٨ خاڵی ڕێككه‌وتنی نێوانیان، ته‌نیا له‌ یه‌ک خاڵدا ناكۆكییان ھه‌یه‌ و ئه‌ویش كه‌ركووكه‌ بۆیه‌ كێشه‌كه‌ گه‌وره‌ نییه‌ و ده‌تواندرێت به‌ گفتوگۆ چاره‌ بكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی شوباتی 2019 د. مه‌حموود عوسمان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێویسته‌ یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر گفتوگۆی نێوانیان به‌رده‌وام بن تاوه‌كوو ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن چوونكه‌ پێشتریش له‌ حكوومه‌ته‌كانی ڕابردوودا ھه‌ر وابوووه‌، ده‌شگوترێ كه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌ كۆی ١٨ خاڵی نێوانیان ته‌نیا له‌سه‌ر خاڵی که‌رکووک ناكۆكن بۆیه‌ خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كان زۆر زیاترن و ده‌توانن به‌ ئاسانی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن چوونكه‌ ناكۆكییه‌كه‌ گه‌وره‌ نییه‌."

عوسمان گوتیشی: "پێویسته‌ ھه‌ر چۆنێک بێت پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوانیانه‌وه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن چوونكه‌ جێگره‌وه‌ی گفتوگۆ ھه‌ر گفتوگۆیه‌ و ھیچ ڕێگه‌ی دیكه‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی پێ چاره‌ بكه‌ن."

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورد باسی له‌وه‌ش كرد: باشتر وایه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی بێته‌ ناو كێشه‌كانه‌وه‌، له‌ ناوخۆ چاره‌ بكرێن چوونكه‌ كێشه‌كان ھێنده‌ گه‌وره‌ نیین تا چاره‌ نه‌كرێن.

مه‌حموود عوسمان ده‌شڵێت: بۆ كه‌ركووكیش پێویسته‌ دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ ئینجا ھه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ بنرێن، وه‌ک ھه‌ڵبژاردنی پارێزگار و چاره‌كردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی دیكه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ چاره‌كردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كاندا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52041

Your Comment

You are replying to: .
captcha