قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێم و تورکیا به‌ 12 ملیار دۆلار خه‌ملێندراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی ڕێکخراوی یه‌کێتیی ھاورده‌ و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان گوتی: "قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و تورکیا له‌ ساڵی 2018دا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ نزیکه‌ی 12 ملیار دۆلار."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆکی ڕێکخراوی یه‌کێتیی ھاورده‌ و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان له‌ لێدوانێکیدا بۆ ئه‌نادۆڵو له‌باره‌ی گرنگی و کاریگه‌ریی جێبه‌جێ کردنی بڕیاری پێناسی گومرکی یه‌کگرتوو له‌ ھه‌رێمی کوردستان، ھه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرکییه‌کانی نێوان شاره‌کانی ھه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھه‌روه‌ھا قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ھه‌رێمی کوردستان قسه‌ی کرد.

مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان گوتی: "یه‌کخستنی پێناسه‌ی گومرکی له‌ نێوان عێراق و ھه‌رێمی کوردستان که‌ له‌م ھه‌فته‌یه‌دا چوووه‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌ له‌ ناوخۆدا گرنگیی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت له‌وه‌ی بازرگانان و ھاورده‌کاران له‌ گشت سنووره‌کانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی یه‌ک پاکێج ده‌توانن کاڵاکانیان ھاورده‌ بکه‌ن بۆ ھه‌رێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م پێناسه‌یه‌ زۆربه‌ی پشتی به‌ستوووه‌ به‌ رسوماتی گومرکی ھه‌رێم که‌ ئه‌وه‌ش خاڵێکی باشه‌ و رسوماتی گومرکی ھه‌رێم که‌متره‌ له‌ عێراق به‌ڵام له‌ ھه‌ندێک کاڵادا پشت به‌ستراوه‌ به‌ به‌ھای گومرکی عێراق به‌وه‌ش نرخه‌کان زیاد ده‌کات به‌ تایبه‌ت له‌ ئۆتۆمبێله‌ مۆدێل به‌ررزه‌کاندا".

ئه‌و گوتی: "به‌ شێوه‌یێکی گشتی یه‌کخستنی پێناسی گومرکی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و عێراق ھه‌موو سنووره‌کانی ھه‌ردوولا پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و بازرگانان و ھاورده‌کاران به‌ شێوه‌یێکی ڕاسته‌وخۆ ده‌توانن له‌ ھه‌ر سنوورێکه‌وه‌ بیانه‌وێت کاڵای خۆیان ھاورده‌ی ھه‌رێم و عێراق بکه‌ن".

پێش چه‌ند ڕۆژێک بڕیاری ھه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرکییه‌کانی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و شاره‌کانی‌تری ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی عێراقی چوووه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و ئه‌و خاڵه‌ گومرکییانه‌ ھه‌ڵگیران که‌ پێشتر له‌لایه‌ن حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌ دانرابوون و کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست کردبوو و سه‌رۆکی ڕێکخراوی یه‌کێتیی ھاورده‌ و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: "ئه‌و خاڵه‌ گومرکییانه‌ی حکوومه‌تی عێراق له‌ نێوان ھه‌رێم و عێراق داینابوو کاریگه‌رییێکی زۆر خراپی ھه‌بوو له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێم و شاره‌کانی‌تری عێراق و به‌ لابردنی ئه‌و خاڵه‌ گومرکییانه‌ش بووژاندنه‌وه‌یێک دروست ده‌بێت له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌ردوولا بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت پێکه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ و کارخانه‌کانی ھه‌ردوولا له‌گه‌ڵ شاره‌کانی‌تر کار بکه‌ن و ئه‌و نرخانه‌ی به‌ ھۆی ئه‌و خاڵه‌ گومرکییانه‌وه‌ زیاد بووبوون داده‌به‌زێته‌وه‌ و ھه‌رێمی کوردستانیش زیاتر ده‌بووژێته‌وه‌".

ئه‌و ھه‌روه‌ھا گوتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌ ساڵی 2016 و 2017 که‌متر بوووه‌ به‌ڵام له‌ ساڵی 2018دا تواندراوه‌ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ زیاتر بکرێت و بۆ ئه‌مساڵ 2019 پێشبینی به‌ره‌وپێشچوونێکی باش ده‌که‌ین له‌ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عێراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، ھه‌روه‌ھا ھه‌رێمی کوردستان به‌ ھۆی لابردنی خاڵه‌ گومرکییه‌کانه‌وه‌ ھاوشێوه‌ی ساڵانی 2010 و 2011 ده‌بێته‌ سه‌نته‌رێکی بازرگانی بۆ ناو شاره‌کانی عێراق".

سه‌رۆکی یه‌کێتیی ھاورده‌ و ناردنکارانی کوردستان باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ لابردنی خاڵه‌ گومرکییه‌کان کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر زیادبوونی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت تورکیا ده‌بێت و پێشبینی به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌کان ده‌کات و گوتیشی: "قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و تورکیا له‌ ساڵی 2018دا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و تواندرا ئاڵوگۆڕێکی به‌رفراوان بکرێت به‌ شێوه‌یێک قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌و ساڵه‌دا نزیکه‌ی 12 ملیار دۆلار بوووه‌، بۆ ئه‌مساڵ واتا 2019 پێشبینی ده‌که‌ین ئه‌و قه‌باره‌یه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت و بگاته‌ 13 تا 14 ملیار دۆلار".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52013

Your Comment

You are replying to: .
captcha