به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عات (12:00)ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 18ی شوباتی 2019 به ئاماده‌بوونی شاندی دانووستانکاری پارتی و گۆڕان، له‌لایه‌ن جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و سه‌رۆکی شاندی دانووستانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ڕۆژنووری شاوه‌یس ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رۆکی شاندی دانووستانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه ڕێککه‌وتنه‌که واژۆ کرا.
دوا به دوای ئیمزاکردنی ڕێککه‌وتنه‌که، ڕۆژنووری شاوه‌یس ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی شاندی هه‌ردوولا ڕێککه‌وتنه‌که ئیمزا کرا و هیوامان ئه‌وه‌یه ڕێککه‌وتنه‌که ببێته مایه‌ی یه‌کڕیزیی گه‌لی کوردستان و پێشکه‌وتنی پڕۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراندنی حکوومه‌ت و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان که مه‌به‌ستی هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌یه.
ناوبراو وتیشی: "وه‌ک پارتی و گۆڕان مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه پێکه‌وه کار بکه‌ین و ده‌رگامان کراوه‌یه به ڕووی لایه‌ن و حیزبه‌کانی دیکه له‌پێناو یه‌کڕیزی و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌مان".
هاوکات جه‌لال جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتی: "هیوادارین ئه‌م ڕێککه‌وتنه ببێته بنه‌مایێک بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی دیکه‌ش که به‌شدار ده‌بن له کابینه‌ی نوێ‌دا پێکه‌وه بتوانین ئه‌م قۆناغه پڕ کێشه و قه‌یرانه تێپه‌ڕێنین و لێی ده‌رباز بین."
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه: "له کوردستان و عێراق و ناوچه‌که ئه‌زموونی ناخۆش هه‌یه له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنه‌کان و ناوبانگیان وه‌کوو پێویست نه‌بوووه و جێبه‌جێ نه‌کراون، هیوادارین ئه‌م ڕێککه‌وتنه ببێته بنه‌مایێک بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێز و لایه‌نه سیاسییانه و له‌پێشیانه‌وه پارتی و گۆڕان سه‌رمه‌شق بن بۆ پابه‌ندبوونی و ببێته بنه‌مایێک بۆ دروست کردنی بڕوا و متمانه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کاندا."
ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان پارتی و گۆڕان تایبه‌ته به پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شێوازی حوکمڕانیی چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی له هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها شێوازی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ و پشک و به‌رکه‌وته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دیاری کراوه.
به‌پێی خاڵێکی ڕێککه‌وتنه‌که، دوای (100) ڕۆژ له پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌دا و کاری حکوومه‌ت و هه‌نگاوه‌کانی چاکسازیی ده‌کرێت.
شایانی باسه؛ دوای چه‌ند گه‌ڕێکی کۆبوونه‌وه و گفتوگۆ، شاندی دانووستانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی ڕێککه‌وتنی سیاسیی نێوان هه‌ردوولا گه‌یشتنه ڕێککه‌وتن و دواتر دوێنێ یه‌کشه‌ممه 17ی شوباتی 2019 ڕێککه‌وتنه‌که له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تیی پارتی و جڤاتی نیشتیمانییه‌وه په‌سه‌ند کرا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment