بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رکه‌وتنی HDP به‌ربژێر له‌ پارێزگا کوردنشینه‌کان دیاری ده‌که‌ین

به‌شی تورکیا- سه‌رۆکی حیزبی یه‌کێتیی گه‌وره‌ی تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 31ی مارچی 2019 له‌ تورکیا ده‌کات و ده‌ڵێت: بۆ ڕێگرتن له‌ سه‌رکه‌وتنی HDP له‌ پارێزگاکانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا به‌ربژێر له‌و پارێزگایانه‌ ده‌ناسێنین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا ده‌ستیجی سه‌رۆکی حیزبی یه‌کێتیی گه‌وره‌ی تورکیا له‌ لێدوانێکدا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 31ی مارچی 2019 له‌ تورکیا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ پارێزگاکانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا چالاکییه‌کانی حیزبی یه‌کێتیی گه‌وره‌ بۆ به‌شداری له‌ گۆڕه‌پانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێکردوووه‌. به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له‌ سه‌رکه‌وتنی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ هه‌ندێک پارێزگا وه‌ک ئاگری، باتمان، بینگۆڵ، جۆله‌مێرگ، ئێغدیر، قارس، مووش، سێرت، شڕناخ و تۆنجه‌لی به‌ربژێر دیاری ده‌که‌ین.

ناوبراو له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرده‌وه‌: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ستیارییه‌کانمان له‌ تێکڕای ئه‌و پارێزگایانه‌ و شاره‌کانی سه‌ر به‌و پارێزگایانه‌ کاندید دیاری ده‌که‌ین. بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دراوه‌ که‌ به‌ بێ بچووکترین که‌موکوڕی چالاکی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجام بده‌ین.

شایانی باسه‌؛ ده‌ستیجی پشتیوانیی خۆی له‌ کاندیده‌کانی هاوپه‌یمانێتیی کۆمار (هاوپه‌یمانیی پارتی داد و گه‌شه‌- پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورکیا) له‌ 30ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا ڕاگه‌یاند.

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51953

Your Comment

You are replying to: .
captcha