هیوامان بە دانوستانەکانی خولی هەفتەمی لیژنەی یاسای نوێی بنەڕەتیی سووریا نییە

بەشی سووریا- ئەندامێکی هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا دەڵێت: هیوامان بە دانوستانی خولی هەفتەمی کۆنفرانسی ژێنێڤ نییە چوونکە دەسکەوتی بۆ خەڵکی سووریا و کوردەکان نییە.

شەلال گدۆ سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کورد لە سووریا و ئەندامی هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئامادەکارییەکان بۆ خولی هەفتەمی گفتوگۆکانی ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیی نوێی سووریا و وتی: من لەبارەی گفتوگۆکانی خولی هەفتەم کە ڕەنگە لە مانگی فێبریڤێری-مارچ لە ژێنێڤ بەڕێوەبچێت گەشبین نیم، چوونکە لە شەش خولی ڕابردوودا ئێمە هیچ دەسکەوتێکمان لەو کۆبوونەوانە نەدیوە.

ناوبراو درێژەی دا: نەک هەر دەسکەوتی بۆ کورد نەبوو بەڵکوو بۆ هەموو گەلی سووریا دەسکەوتی نەبووە و ئەم خولەش وەکوو خولەکانی پێشوو بەڕێوەدەچێت.

شەلال گدۆ وتیشی: ستراتێژیی گیێر پدێرسۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کراوباری لیژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریا ئەمەیە کە هەنگاو بە هەنگاو کار بکات بەڵام هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەم ستراتێژییە ڕەت دەکاتەوە.

سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کورد لە سووریا لەبارەی وتەکانی جێگری وەزیری دەرەوی ۆووسیا سەبارەت بە بەشداری کردنی کوردەکان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا وتی: کوردەکان و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ئەندامن لە هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا و دوو ئەندامی کورد لەم لیژنەدا هەن. دروستە کە ژمارەی ڕەوتە کوردییە بەشداربووەکان لەم لیژنەدا کەمە بەڵام کوردەکان بەشدارن لەم پڕۆسەیەدا.

شەلال گدۆ سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کورد لە سووریا و ئەندامی هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا زیاتر وتی: ئەم وتانە زیاتر گوشارە لەسەر ئەمریکا کە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا شوێنگیری بکرێت. لە حاڵێکدا کە ئێمە هەر ڕۆژی یەکەمەوە ڕامانگەیاندووە کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دانووستان ناکەین مەگەر ئەوەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نەیارانی حکوومەتی سووریا بێت بە ئامادەبوونی ناوەندە نێونەتەوەییەکان تاکوو قەیرانی سیاسیی سووریا کۆتایی پێبێت.

News Code 5188

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha