ڕێککەوتنی تاکلایه‌نه‌ هه‌وڵی شاند و به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی کوردی لە بەغدا له‌باربرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، به‌داخه‌وه‌ رێکه‌وتنی تاکلایه‌نه هه‌وڵی شاند و به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی کوردی بە بەغدا له‌باربرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازیی کرد له‌ رائید فه‌همی سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق و له‌ دیدارێکی نێوان هه‌ردولادا بارودۆخی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که‌ تاوتوێکرا.

سکرتێری حزبی شیوعی عێراق، تیشکی خسته‌ سه‌ر نیگه‌رانیه‌کانیان له‌ ناجێگیری سه‌قامگیری سیاسی و لێکه‌وته‌کانی له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌لانی عێراق له‌سه‌رجه‌م کایه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌گشتی و رایگه‌یاند، "پێکهاته‌ی عێراق له‌ ڕووی فره‌یی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌وه‌ به‌رگه‌ی هه‌مو جۆره‌ بڕیار و یاریه‌کی سیاسی ناگرێت، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک ژیرانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژێکی هاوبه‌ش و به‌رنامه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ خزمه‌تگوزاری و دابین کردنی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ و گرفته‌کان بکرێتگ.

سکرتێری حزبی شیوعی عێراق ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کان کرد له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی عێراق، هیوای خواست به‌گیانی هه‌ستکردن به‌ گرنگی و هه‌ستیاری دۆخه‌که‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سیاسی بکه‌ن له‌پێناو پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و یاساکانی عێراقدا، که‌ ئه‌مه‌ش به‌ یه‌کگرتویی و هاو هه‌ڵوێستی زامن ده‌کرێت .

له‌لای خۆشیه‌وه‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئاماژه‌ی به‌ ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کرد که‌ له‌ ئۆکتۆبه‌ری ساڵی رابردوو ئه‌نجامدرا و وتی، "هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ یه‌کێتیی بانگه‌وازی پێکهێنانی شاندی هاوبه‌ش و ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی کرد بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی عێراق، له‌پێناو به‌هێزتر ده‌رکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا، زۆر هه‌نگاوی جدیشمان به‌و ئاراسته‌ی هاویشت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ رێکه‌وتنی تاک لایه‌نه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی له‌بار برد که‌ بوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی هه‌مو لایه‌کمان، ئه‌مه‌ش زیانی گه‌یانده‌ پێگه‌ی به‌هێزی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق .

هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ته‌ئکیدیکرده‌وه‌، یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئه‌و ساش و ئێستاش له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزی و ته‌بایی و هاو هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کانه‌ له‌ به‌غدا، چوونکه‌ ده‌بێته‌ زامنی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانمان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێگه‌ی کورد لاواز ده‌بێت له‌ ناوچه‌که‌.

News Code 5178

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha