قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غدا کۆ بوویه‌وه و‌ گفتوگۆیان کرد له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ڕافیده‌ین سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دیدار و گفتوگۆی کرد.

قوباد تاڵه‌بانی له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا ڕای‌گه‌یاند: "له‌ دیداره‌که‌دا گفتوگۆمان کرد ده‌رباره‌ی کاری له‌پێشینه‌ی حکوومه‌ت له‌ به‌رێوه‌بردن و چاکسازی و هاوڕا بووین له‌ پێویستی زیاتری هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند."

ئه‌وه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هات که‌ ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 3ی‌ شوباتی‌ 2019 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێكی دوو ڕۆژه‌ گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی شوبات به‌شداریی له‌ دیداری سه‌ركرده‌كانی عێراقدا بكات.

سه‌ردانه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌سه‌ر بانگهێشتی ناوه‌ندی ڕافیده‌ین بوووه‌ بۆ دیالۆگ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌ دیداری ڕافیده‌ینی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ساڵی 2019 كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ به‌غدا به‌ به‌شداریی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق و نوێنه‌ری چه‌ندین وڵات و ژماره‌یێكی به‌رچاو له‌ وه‌زیره‌كان و په‌رله‌مانتاران و ده‌سته‌بژێری سیاسی و فیكری و ئه‌كادیمی ناوخۆ و بیانی ساز ده‌كرێت.

ماڵپه‌ڕی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "له ‌میانی دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆک وه‌زیران چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ساز ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی و ئابووری و ناوچه‌كه‌."

ئاشكراشی كردوووه‌ كه‌ ھه‌ر له‌م سه‌ردانه‌دا جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم دیداری له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی باڵای عێراقی و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان و نوێنه‌رانی بیانی ده‌بێت.

به‌پێی ماڵپه‌ڕی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم قوباد تاڵه‌بانی له‌ دیداره‌کانیدا "دیدگای خۆی و حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر پرسه‌كانی چاكسازی و ئابووری و كه‌رتی وزه‌ و ئاینده‌ی عێراق و پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51614

Your Comment

You are replying to: .
captcha