به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بژار کۆره‌مارکی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی دهۆک به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند: "هیچ له‌و ده‌ستگیرکراوانه‌ی گرتبوونه‌وه‌که‌ی دهۆک و شیلادزێ ته‌سلیم به میتی تورکیا نه‌کراوه و ئه‌وه دووره له ڕاستییه‌وه و پڕوپاگه‌نده‌یه و هه‌رگیز ڕێگه ناده‌ین هیچ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای‌تر ده‌ست وه‌ربده‌ن له لێکۆڵینه‌وه‌کان، ئه‌وه بۆ دروست کردنی پشێوییه، هه‌روه‌ها ئه‌وه گاڵته‌پێکردنه و بێ‌به‌رپرسیارێتییه و ئێمه هیچ مامه‌ڵه‌یێکمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگایه‌دا نییه."
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان له دهۆک ئاماژه به‌وه ده‌کات که ده‌ستگیرکراوه‌کانی دهۆک 16 که‌سن و دراونه‌ته دادگا و پۆلیسی مه‌ده‌نی و ده‌شڵێت: "هه‌مووی به ئه‌مری دادگا ده‌ستگیر کراون، زانیاریمان هه‌بوووه که ده‌یانه‌وێ پشێوی بنێنه‌وه و ئه‌وه‌ی له شیلادزێ ڕووی داوه له دهۆکیش نائارامی بخه‌نه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستگیر کراون، هه‌ندێک له‌وانه سه‌ر به لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن و خه‌ڵکی دهۆک نین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاتوونه‌ته دهۆک."
بژار کۆره‌مارکی ده‌شڵێت: "زانیاری هه‌بوووه ویستوویانه له‌وه‌ی شیلادزێ خراپتر له دهۆک بکه‌ن و به فه‌رمی ده‌ستگیر کراون".
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی دهۆک راشیده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیر كراون "براونه‌ته به‌رده‌می دادگا و لێکۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه، له دنیاشدا ئه‌گه‌ر تۆ بچیته سه‌ر شوێنێک و بیسووتێنی و کاری تێکده‌رانه بکه‌یت، ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه بکرێت که ئه‌و کارانه‌یان کردوووه".
له ڕووداوه‌کانی شیلادزێدا، خه‌ڵکی ناوچه‌که بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به په‌لاماره ئاسمانییه‌کانی تورکیا که بوووه‌ته هۆی گیان له‌ده‌ست دانی خه‌ڵکی سیڤیلی ناوچه‌که ده‌ستیان دایه خۆپیشاندان و پاشان له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی تورکی جێگیر له‌و ناوچه‌دا که‌وتنه شه‌ڕ و پێکدادان و پێگه‌ی سه‌ربازیی ئه‌وانیان سووتاند.
له‌و ڕووداوه‌دا دوو هاووڵاتیی سیڤیلی شیلادزێ له‌وان منداڵێک به‌هۆی هێزه‌کانی تورکیا گیانیان له‌ده‌ست دا و 10 که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment