ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ری پزیشکی بۆ 500 ڕزگاربووی ده‌ستی داعش ئه‌نجام ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كه‌سایه‌تییێكی ئێزدی له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا كه‌ 500 كه‌س له‌ منداڵ و كچ و ژنانی ئێزدی، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراون، له‌ ڕێگای به‌رنامه‌یێكه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر بكرێن و به‌و بۆنه‌وه‌ مانگی داهاتووش 60 ڕزگاربوو له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرێن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن قه‌وال كه‌سایه‌تیی ئێزدی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ‌بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی برادنبۆرگ (ئه‌ندریا یوهلگه‌) ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ڕه‌زامه‌ندیی نیشان داوه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا بڕیاری له‌سه‌ر دابوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی (500) منداڵ و ژن و كچی ڕزگاربووی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش له‌ ئه‌ڵمانیا."

قه‌وال له‌باره‌ی كاته‌كه‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌ مانگی ئاداردا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و سه‌ره‌تا (60) كه‌س له‌ ڕزگاربوووان له‌ كۆنسووڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر ڤیزایان پێ ده‌درێت و ڕه‌وانه‌ ده‌كرێن بۆ ئه‌ڵمانیا، ئینجا دواتر ئه‌وانه‌ی‌تریش كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ (500) كه‌س به‌ وه‌جبه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كرێن."

ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ئێزدییه‌كان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌شڵێت: "له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌و كه‌سانه‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونی و پزیشكی و هه‌ر چاره‌سه‌رێكی‌تریان پێویست بێت بۆیان ده‌كرێت به‌ڵام كاتی چاره‌سه‌ركردنه‌كانیان دیاری نه‌كراوه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژ ده‌مێننه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51581

Your Comment

You are replying to: .
captcha