99 له‌سه‌دی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات له‌ داعش پاک کراوه‌ته‌وه‌/ هێشتاکه‌ شانه‌ی نوستووی داعش درێژه‌ به‌ چالاکییه‌کانی ده‌دات

به‌شی سووریا- ڕۆژنامه‌وانی مه‌یدانیی ئاماده‌بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات باس له‌ پاککردنه‌وه‌ی 99 له‌سه‌دی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و مزگێنی ئازادکردنی به‌مزوووانه‌ی ده‌یره‌زوور له‌ بنده‌ست داعش ده‌دات.

شیار ئازاد هه‌واڵنێری مه‌یدانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به‌ کوردپرێسی گوت: داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کۆتایی هاتوووه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا مزگێنی پاککردنه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی ناوچه‌که‌ له‌ بنده‌ست داعش ده‌درێت.

ناوبراو گوتیشی: له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بۆ هه‌میشه‌ کۆتایی به‌ هێزی سه‌ربازیی داعش ده‌هێندرێت.

ئه‌و هه‌واڵنێره‌ مه‌یدانییه‌ ئاماژه‌ به‌ ستراتێژی و تاکتیکی نوێی داعش له‌ سووریا ده‌کات و ده‌شڵێت: بابه‌ته‌که‌ ته‌نها شکست‌دانی داعش نییه‌ به‌ڵکوو هه‌بوونی بیرۆکه‌ی جیهادیسم و سه‌له‌فیسم له‌ ناوچه‌که‌یه‌ که‌ ده‌بێته‌هۆی مانه‌وه‌ی شانه‌ی نوستووی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ عێراق و سووریا.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ ڕاستیدا ده‌بێ به‌ره‌نگاری بیرۆکه‌ی ئیرهابی ببینه‌وه‌ چوونکه‌ داعش بۆ ماوه‌ی چوار یان پێنج ساڵ ناوچه‌یێکی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌ بوو‌ و خه‌لافه‌تی کرد و توویێکی نگریسی لێکه‌وته‌وه‌.

شیار ئازاد ئاماژه‌ به‌ مه‌ترسییه‌کانی داهاتووی توندڕه‌وه‌کان له‌ سووریا ده‌کات و ده‌ڵێت: گریمانه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ شه‌ڕی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌کان له‌ سووریا درێژه‌ی ببێت و ته‌نانه‌ت گریمانه‌ی بۆمبدانه‌ریی شانه‌ نوستوووه‌کانی داعش له‌ئارادایه‌ هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا داپه‌ڕێکی زۆر بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری هێرشه‌کانی داعش ئه‌نجام بدات.

ئه‌و هه‌واڵنێره‌ کورده‌ی سووریا ئاماژه‌ به‌ قۆناغه‌کانی شکست پێهێنانی داعش ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: داعش پاش شه‌ڕی کۆبانێ به‌ره‌و لێواری له‌ناوچوون نزیک بوویه‌وه‌ و تێکڕای ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی که‌ به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ ئه‌نجام دران سه‌رکه‌وتوووانه‌ بوو.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ تورکیا هۆکاری سه‌ره‌کیی کۆتایی نه‌هاتنی پێشوه‌خته‌ی ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لوولی جزیره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بوو و ده‌ڵێت: ده‌بوا زووتر ئۆپه‌راسیۆنی پاککردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کۆتایی پێبهاتبا به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی هێرشه‌کانی تورکیاوه‌، شه‌ڕڤانانی کورد- عه‌ره‌ب ناچار بوون ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌یان ڕابگرن و باکووری سووریا بپارێزن.

شیار ئازاد گوتیشی: له‌ کاتی هێرشی تورکیا و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان بۆ سه‌ر عه‌فرین، داعش توانیی قۆستنه‌وه‌ له‌و بۆشایییه‌ بکات و خۆی پڕچه‌ک و به‌هێز بکاته‌وه‌ و ماوه‌یێکی زیاتر بمێنێته‌وه‌.

ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر گرووپه‌ چه‌کداره‌کان له‌ سووریا ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شڵێت: تورکیا له‌ بابه‌تی عه‌فرین ئه‌و ڕاستییه‌ی درک کردبوو که‌ کۆتایی هاتنی داعش ته‌واوبوونی داگیرکاریی تورکیا له‌ سووریای به‌دواوه‌ ده‌بێت هه‌ر بۆیه‌ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینی ئه‌نجام دا و ئه‌مڕۆش هه‌وڵه‌کانی بۆ سیناریۆیێکی دیکه‌ وه‌ک عه‌فرین چڕ ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌و هه‌واڵنێره‌ کورده‌ی سووریا ڕوونی کرده‌وه‌: هێزی سووریای دیموکرات دوو جار شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعشی دوا خست. جارێکیان له‌ عه‌فرین و جارێکی دیکه‌یان له‌ مه‌نبه‌ج که‌ هه‌ر دوو جاریان به‌ بۆنه‌ی زێده‌ڕۆیییه‌کانی تورکیاوه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش دوا که‌وت و ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ توانیی خۆی یه‌کبخاته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51560

Your Comment

You are replying to: .
captcha