جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق: پاراستنی که‌رکووک له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: که‌رکووک به‌ عێراقی ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ پێکهاته‌یێکی دیاریکراو و پاراستنیشی له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ (29ی کانوونی دووه‌می 2019) نووسینگه‌ی حه‌سه‌ن که‌عبی له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ شاری که‌رکووک عێراقێکی بچووککراوه‌یه‌ و هه‌موو پێکهاته‌کانی له‌خۆ ده‌گرێت و تایبه‌ت نییه‌ به‌ پێکهاته‌یێکی دیاریکراو و به‌ عێراقیش ده‌مێنێته‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌ که‌ هه‌ندێک ده‌یانه‌وێت له ‌ڕێگه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ که‌رکووکه‌وه‌ فتنه‌ و ئاڵۆزی له‌ نێوان پێکهاته‌کانی شاره‌که‌ دروست بکه‌ن بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ک عێراقی به‌ هه‌موو پیکهاته‌ و ئایین و مه‌زهه‌به‌کانه‌وه‌ یه‌ک بگرن و نه‌هڵێن ئه‌و هه‌له‌ له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت ململانێ و ناکۆکی و په‌رته‌وازه‌یی دروست بکه‌ن، به‌ شێوه‌یێک بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ لاواز بێت و ڕێگه‌ به‌ که‌سانی‌تر بدرێت ده‌ستوه‌ر بده‌نه‌ کاروباری ناوخۆییی وڵاته‌که‌وه‌.

له‌ کۆتاییی به‌یاننامه‌که‌دا جێگری یه‌که‌می په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختی کردوووه‌ته‌وه‌ که‌ په‌نابردن بۆ توندوتیژی و ئاڵۆزی پێویسته‌ له‌لایه‌ن هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه‌ دژایه‌تی بکرێت و داواشی کرد سه‌رجه‌م کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت و په‌نا بۆ ده‌ستوور و یاسا په‌یره‌وکراوه‌کان ببرێت، به‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی که‌رکووکیشه‌وه‌، که‌ به‌ عێراقی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ بۆیه‌ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاره‌که‌ و دانیشتوووانه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا ئه‌منییه‌کانی و هه‌موو ده‌ستوه‌ردا‌نێکی له‌ کاروباری پارێزگاکه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ر ده‌وڵه‌تێکه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌.

ئه‌و وتانه‌ی جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌ کاتێکدایه‌ ماوه‌یێکه‌ یه‌کێتی و پارتی هه‌ریه‌که‌یان لیژنه‌یێکی پێکهێناوه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی شاری که‌رکووک به‌ مه‌به‌ستی ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاره‌که‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51492

Your Comment

You are replying to: .
captcha