بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاکم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی دەڵێت: "دەستوەردانێکی دەرەکی و ھەرێمایەتی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەکرێت و لە زۆربەی بڕیارەکاندا عێراق سەربەخۆ نییە، هەر بۆیە ئەبێت هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بنەمایە سیاسەتی دروست دارێژێت."
ناوبراو وتووشیەتی: "ناڕوونی لە گرێبەستە نەوتییەکان لە کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێم زیانی زۆری بە دەسەڵات و حکومڕانی گەیاندووە".
هەروەها جەختیشی کردەوە: "لەسەر پاراستنی داهات و سامانی گشتی و بە شەفاف کردنی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان تا بیانو نەدرێت بۆ ئەوەی هێزی دەرەکی دەستوەردانی تیا بکات و پێویستە ئەو شەڕەی هەیە لەسەر پلەوپۆست رابگیرێت، لە بری ئەوە شەڕ لەسەر داخوازی ڕەوای گەلەکەمان و مافە دەستورییەکانی بکرێت."
حاکم قادر حەمەجان هێمای بۆ ئەوەکرد: "لە وڵاتێکی دەستووریدا کار بە دەقە دەستورییەکان دەکرێت نەک بڕیاری سیاسی و رێنمایی، لەوبارەیەوە ماددەی 140ی بە نموونە هێنایەوە کە ماددەیەکی دەستورییە بەڵام تا ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی نەکراوە، دەسەڵاتدارانی عێراق لەلایەک و نوێنەرانی کوردیش لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق لەلایەکی تر نەیان توانیوە کاری لەسەر بکەن بۆ جێبەجێکردنی، واتە نوێنەرەکانی گەلی کورد لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمان بێ ڕۆڵ و بێ کاریگەر بوون لەسەر مافە دەستووریەکانمان."
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقیش تایبەت بە نەوت و غازی هەرێم، حاکم قادر وتی: "ئەو بڕیارە کاریگەری لە سەر هەرێم و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەبێت و پرسی نەوت و غاز بەتەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پرسێکی نێودەوڵەتیشە و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانی پێوەگرێدراوە."
حاکم قادر تەئکیدی کردەوە "ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە و ئەگەر یەکگرتوو و یەکڕیز نەبین دەبێت چاوەرێی بڕیاری تریش بین لەدژی گەلی کوردستان، کار و کاردانەوە و موزایەدە کردن لە دژی یەکتر بێ سوودە و زیانی گەورە بە دۆزی گەلەکەمان دەگەیەنێت".
Your Comment