فەتحۆڵڵا حسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا ئەمریکا تەنها جەخت لە هاوکاریی سەربازیی کورد دەکات و باس لە هاوکاری سیاسی ناکات؛ دەڵێت: ئەمریکا هەمیشە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و ئەم هاوکارییە درێژەی دەبێت تاکوو ناوچەکە دەگاتە ڕێگاچارەیێکی سیاسی.
ناوبراو درێژەی دا: هاتنی ئەمریکا بۆ سووریا لە ڕێگای کوردەوە بوو چوونکە ڕووسیا پشتیوانی لە دەوڵەتی سووریا دەکرد و تورکیا هاوکاریی هاوپەیمانیی عەرەبیی دەکرد و لە ڕاستیشدا ئەمریکا لەگەڵ پڕۆژەی کوردەکاندایە لە سووریا.
ناوبراو زیاتر وتی: پڕۆژەی سیاسیی کوردەکان لە سووریا لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت نەکراوەتەوە و پاش هێرشەکەی داعش بۆسەر گرتووخانەی حەسەکە میدیاکانی ئەمریکا ڕاپۆرتی باشیان بڵاو کردەوە و باسیان لە گرنگایەتیی ئەم پڕۆژە سیاسییە لە سووریا کرد.
ئەم سیاسەتوانە کوردە جەختی کردەوە: پاش ڕووداوەکانی حەسەکە و وتەکانی بایدن و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا؛ جیهان چیدی ناتوانێت کوردەکان لەبەرچاو نەگرێت و کورد هێزێکی توانا و متمانە پێکراوە لە ناوچەکە.
فەتحۆڵڵا حسێنی وەبیری هێنایەوە: بۆ ئێمە پڕۆژەی سیاسی و سەربازی یەک بنەمایان هەیە و نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکوو خەریکی هەوڵدانین بۆ قبووڵی ئەم سیستەمە لەلایەن وڵاتانێکی دیکەی جیهانەوە و لە داهاتووشدا ئەمریکا لە پڕۆژەی سیاسیی کورد پشتگیری دەکات.
Your Comment