سێرگه‌ی لاڤرۆف: پێویسته‌ تورکیا و سووریا له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارام ڕێکبکه‌ون

به‌شی جیهان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا پێی وایه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئارام ڕێکبکه‌ون و ئه‌ردۆغانیش ده‌ڵێت که‌ ته‌نها تورکیا ده‌سه‌ڵاتی دروست کردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ی کانوونی دووهه‌می 2019 سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی دروست كردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا ڕای‌گه‌یاند: "پێویسته‌ حكوومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا له‌باره‌ی دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام ڕێكبكه‌وێت."

ناوبراو جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "ڕێككه‌وتنێک له‌ ساڵی 1998 له‌ نێوان توركیا و سووریا واژۆ كرابوو به‌ ناوی رێككه‌وتنی "ئادانا" که‌ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ توركیا ده‌توانێت بچێته‌ قووڵاییی خاكی سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی و ھێشتاش ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت."

ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ کاتێکدایه که‌ ڕۆژی هه‌ینی 25-01-2019 ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆکی تورکیا رایگه‌یاندبوو: "له ‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا دروست ده‌کرێت و ته‌نها تورکیاش ده‌سه‌ڵاتی دروست کردنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ی هه‌یه‌."

ئه‌مه‌ریکا نیازی هه‌یه له‌ دوای کشانه‌وه‌ی له‌ سووریا به‌ دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام ڕێگری له‌ جه‌نگی تورکیا دژ به‌ ناوچه‌ کوردییه‌کان بکات و هاوپه‌یمانه‌کانی بپارێزێت به‌ڵام لایه‌نه‌کانی سووریا و ده‌ره‌وه‌ی سووریا بۆچوونی جیاوازیان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51389

Your Comment

You are replying to: .
captcha