کوردپرێس:
سەردار هێتوتی، یەکێک لە کەسوکاری ئەو دوو پیاوەی بەهۆی بۆردوومانەکە گیانیان لەدەست داوە بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "چوار رۆژ پێش ئێستا دوو پیاوی گوندەکەمان بە ناوەکانی بەختیار حەسەن و زیاد حەجی هێتوتی چووبوونە گوندەکەیان، بەڵام لە دوێنێوە بێ هەواڵ بوون و هیچ سۆراخێکیان نەبووە، ئەمڕۆش کەسوکاری ئەوان بۆ سۆراخکردنیان چوونەتە شوێنەکەیان، بەڵام فڕۆکە بۆردوومانی ئەو شوێنەیان کردووە و بەهۆیەوە گیان لەدەستداوە".
بەگوتەی سەردار، ئەو دوو کەسەی بەهۆی بۆردوومانەکە گیانیان لەدەستداوە خزمی یەکدین و تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 45 ساڵیدایە و هەردووکیشیان خێزاندارن.
سامی ئوشانە، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دێرەلووک هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، ئێستا تەرمەکانیان بەرەو دێرەلووک دێنن و دوو کاژێری دیکە دەگەنە شارۆچکەکە و لە کۆمەڵگەی هێتوت بەخاک دەسپێردرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەکانى تورکیا گوندى زلیی و چەند ناوچەیێکى دیکەی دەڤەرى نهێلێ سەر بە شارۆچکەی دێرەلووکیان لە قەزای ئامێدى بۆردوومانکرد .
زیاتر لە 20 ساڵە تورکیا بە بەهانەى هەبوونى بارەگاکانى پەکەکە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان و سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆردوومان و تۆپباران دەکات. بەهۆى بۆردوومان نزیکەى 360 گوندى پارێزگای دهۆک چۆڵکراون، جگە لە زیانى ماددى تەنیا لە ساڵى رابردوودا 10 کەس لە سنوورى قەزای ئامێدی گیانیان لەدەست داوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment