به‌رهه‌م ساڵح: په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ گرنگایه‌تیی زۆری بۆ ئاوه‌دانیی عێراق هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕای‌گه‌یاند که‌ په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئابوور و ئاوه‌دانیی عێراق و پێویستیی هاووڵاتییان دابین ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ توویتێکدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا نووسیویه‌تی: "په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئابوور و ئاوه‌دانیی عێراق و کۆمه‌ڵێ پێویستیی هاووڵاتییان دابین ده‌کات".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌: "جێگیرکردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌ تایبه‌تیش مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ کۆتایی هێنانه‌ به‌ نه‌هامه‌تی پاشه‌که‌وتی مووچه‌ و به‌ هیوای گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌که‌وتکراوی ڕابردووشیان".

شایانی باسه‌؛ شه‌وی ڕابردوو په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌یاسای 2019ی عێراقی په‌سه‌ند کرد و تێیدا مادده‌ی 10ی بڕگه‌ی (ج) په‌سه‌ند کرا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

به‌پێی مادده‌که‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان نه‌وتیش له‌ ڕێگه‌ی به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ نه‌کات، ئه‌وا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌نێردرێت.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51355

Your Comment

You are replying to: .
captcha