دوو لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکرێت بۆ ئیدارەدانی ناوچەی جێناکۆک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وتوویەتی دوو لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە بۆ ئیدارەدانی ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی 140 و بڕیارە هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

کوردرێس:

سالار محەممەد جەبار، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو: "دوو لیژنەی ھاوبەشی سەربازی لە ئاستی باڵا لە نێوان ھەولێر و بەغدادا دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ بدرێت و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوولادا ھەبێت، دروستكردنی ئەو لیژنەیەش بە ئاگاداریی ئەمەریكاییەكان دەبێت".

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، ڕاشیگەیاندبوو: "حكوومەتی عێراق لیژنەی لەسەر ئاستی باڵا داناوە بۆ ئەوەی كار بكرێت و ئەو لیژنە سەربازییە كارا بكرێتەوە، كە بە چاودێریی ئەمەریكا كاتی خۆی دانرا، بڕیاریشە لە كوردستانەوە كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیژنەیە بكرێت كە كارەكانیان ھەماھەنگیی سەربازییە لە نێوان ھەولێر و بەغدا".

لەو بارەیەوە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەشبینییێكی باش ھەیە بۆ رێككەوتن لە نێوان ھەردوولا، بەڵام بە تەواوی بڕیار لەو بارەیەوە نەدراوە، كۆبوونەوەكانی پێشتریش كە دەكران سەبارەت بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ‌و جێگیركردنیان بوو لەو ناوچانەدا بە ھاوبەشی، بەپیێ ئەو رێككەوتنەیش كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا و ھاوپەیمانان دەكرێت، ئەوان ئەو ناوچانە دیاری دەكەن و گەڕانەوەكە بە بەرنامە دەبێت".

سەبارەت بەو كێشانەی كە رووبەڕووی ھێزەكانی پێشمەرگە دەبنەوە لە كاتی گەڕانەوەیان، بەوەی كە ھەموو ھێزەكانی عێراق یەك ڕایان نییە، چوونكە پۆلیس و حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق، ھەر یەكەیان ڕای خۆیان ھەیە و ھەندێك لەو ھێزانەش ڕای جیاوازیان دەربارەی دروستكردنەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا ھەیە، لیوا بابەكر ئاماژەی دا: "دەبینین چەندین ھێز لە عێراق ھەن و حوكم دەكەن، بەڵام ئەگەر گەڕانەوەكە بە رێككەوتن بێت، كێشە دروست نابێ لە نێوان ھێزەكاندا، ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەندییەكانن، كە ئەمەش بریتییە لە بەرژەوەندیی نێوان ھەردوولا، زۆر جاریش ھەیە حكوومەتی عێراق بڕیارەكان بەپیێ میزاجی خۆیان یاخود بڕیارەكانی دەرەوە زاڵ دەبن بە سەریاندا، بەڵام گەشبینییەكی باش ھەیە كە كێشەكان چارە بكرێن".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، خەڵكی ئەو ناوچانە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكەن، تەنانەت خەڵكێكی عەرەبی سوننە و توركمانیش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن، ھەمیشە ھەڵوێستی ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەوە بووە كە پێشمەرگە سیمبوولی ئاشتی ‌و پێكەوەژیانە، سیمبوولی پاراستنی خاك و نیشتیمانە، ھەر بۆیە ھەمیشە ئەو روانگەیە لە پێشمەرگەدا دەبینن.

لە روونكردنەوەیێكیشدا سەبارەت بەو پرسە، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە داوە: "ئەوەی تا ئێستا ھەیە، ئەوەیە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كە باشترین رێگا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و كۆتاییھێنان بە جموجۆڵ و كاری تیرۆریستان لە ناوچەكانی دیالە و سەڵاحەددین و كەركووك و مەخموور و مووسڵ، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی سوپای عێراقدا، چاوەڕوانیشین لەوبارەیەوە كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت و رێگا و شوێن و میكانیزمی گونجاو دابنرێت".

لەلایێكی دیكەشەوە، ئەمەریكا دەیەوێ ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان دوور بخاتەوە، ھەروەك پێشتر، رۆژنامەی (واڵ ستریت ژورناڵ)ی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا مەبەستیەتی لەم قۆناغەدا چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك دەربكات، بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمەریكایی چوونەتە دەوروبەری ئەو دوو پارێزگایە.

ھاوكات، فەقێ ئەحمەد ئاشكرایشی كرد، ئەمە بەرنامەیەكی ستراتیژی ئەمەریكایە كە ھێزەكانی لە زۆرێك لە ناوچەكاندا جێگیر كردووە، ئەولەوییەتیشی بۆ ئەوە دەبێت كە حەشدی شەعبی و ھێزەكانی دیكە دوور بخاتەوە، بۆیە ئەمەریكا ئامانجی یەكەمی دوورخستنەوەی ئەو ھێزانەیە.

News Code 51329

Your Comment

You are replying to: .
captcha