کوردپرێس: ڕۆژنامەی Elpublicaی ئیسپانی باسی لەوە كردووە توركیا بە هاوكاریی لایەنەكانی سوپای سووریای ئازاد، زەیتی زەیتوونی شاری عفرین لە باكووری سووریا هەناردەی دەرەوە دەكات و لە زۆرێک لە وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیسپانیا دەیفرۆشێت.
عفرین بەوە بەناوبانگە، ژمارەیێكی زۆر داری زەیتوونی هەیە، كە رێژەكەی بە پێنج ملیۆن دار خەمڵێنراوە و بەتاڵان بردنی زەیتی زەیتوونی عفرین-یش لە لایەن توركیاوە هەریەک لە ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ و ڕێكخراوی Bwrnhard Guhl سویسری ب هێناوەتە سەر هێڵ و باسیان لەو پرسە كردووە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: "هەزارەها كۆگای زەیتی زەیتوون لە عفرینەوە لە لایەن چەكدارانی سەر بە كردەی لقی زەیتوونەوە بە تاڵانبراون و لە بازاڕە جۆراوجۆرەكاندا فرۆشراون".
هەروەها رێكخراوی Bernhard Guhl سویسریش دەڵێت: "باخەكانی زەیتوونی عفرین لە لایەن هێزەكانی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئەنقەرەوە تاڵان كراون، زەیتی زەیتوونە دزراوەكەی عەفرین-یش لە ئیسپانیا دەفرۆشرێت، ئەوان بەردەوامیشن لەسەر فرۆشتنی ئەو بەرهەمی زەیتوونە".
ڕۆژنامەكە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، كە ئیسپانیا وێستگەی كۆتایی ئەو كردەی دزی و فزییەیە و دەڵێت: "ئەو بڕەی هەناردەی دەرەوە دەكرێت ئێجگار گەورەیە و لە توانای فەرمانبەرانی گومرگدا نییە بیپشكنن".
هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكانی ڕۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەدەن، كە توركیا لە دەرئەنجامی فرۆشتنی 5 هەزار تەنی بەرهەمی زەیتوونەوە بڕی 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە بەتاڵان بردنی زەیتی زەیتوونی عەفرینەوە دەستكەوتووە.
ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەدەن ئێستا توركی پلەی سێیەمی گرتووە لە هەناردە كردنی زەیتی زەیتووندا بۆ دەوڵەتانی یەكێتی ئەورووپا، تونس لە پلەی دووەم و مەغربیش لە پلەی یەكەمدایە.
سەرچاوەكان دەشڵێن، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا زەیتی زەیتوونەكە دەگوازنەوە بۆ سنووری توركیا و پسولەیێكی پێدەخەن و لەسەری دەنووسن "زەیتی زەتوونی توركیا"، ئینجا بەدەوڵەتانی یەكێتی ئەورووپای دەفرۆشن، ئەوەشی روونكردووەتەوە، كە ڕێككەوتنە بازرگانییەكانی نێوان توركیا و یەكیەتی ئەورووپا ئەو كارەیان ئاسان كردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment