پەیەدە بانگەوازێک ئاڕاستەی ئەنەكەسە دەكات بۆ رێككەوتن

بەشی سووریا- نوێنەری پارتی یەكێتیی دیموكرات-پەیەدە لە هەرێمی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی ئەنەكەسە دەكات بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن و راشیدەگەیەنێت، "رێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی سووریا بە ئاگاداریی چەندین وڵاتی جیهانی ئەنجام دەدەین".

کوردپرێس:

سلێمان عەرەب نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە هەرێمی كوردستان لەمیانی بەرنامەی "هێڵی سێیەم"ی رادیۆ نەوا وتی: "رێككەوتنی كورد لە گەڵ حكوومەتی سووریا بۆ پاراستنی کوردستانی سووریایە لە هێرشەكانی توركیا، چوونكە هەڕەشەكانی توركیا تەنها بەرانبەر لایەنێك نییە، بەڵكوو دژی كورد بەگشتی و سیستەمی دیموكراتی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەیە لە سووریا".

ناوبراو ئەوەشی وت: "دۆزی كورد دۆزێكی قورسە و سەرجەم وڵاتان ئاگاداری ئەو پرسەن، بڕیاری رێككەوتنی كورد لە رۆژئاوا لەگەڵ حكوومەتی سووریا، تەنها پرسی دەوڵەتێك نییە و وڵاتانی فەرەنسا، مۆسكۆ، ئەمریكا و ئەوروپا چەند وڵاتێكی دیكە لە گفتوگۆكانمان ئاگادار دەكەینەوە، بەئاسانی رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی سووریا ناكەین و هەوڵی جدی دەدەین لەوبارەیەوە".

سەبارەت بە رێككەوتنیان لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)و چوونی پێشمەرگەكانی رۆژ بۆ ئەو ناوچانە، سلێمان عەرەب نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، "پێشمەرگەی رۆژ هێزێكن لە هەرێمی كوردستان پەروەردە بوون، چەندین جار بەرپرسانی توركیا لەسەر ئاستی سەرۆك وەزیرانیش سەردانی ئەوانییان كردووە و پشتگیریی خۆیانیان بۆ دەربڕیوون، هەموو كەس دەزانێت ئەمڕۆش لە ناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان، لەكاتێكدا ئەو هێزانە هەڕەشەن بۆ سەر كوردستانی سووریا و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دەدەن و بوونە هۆكاری كۆمەڵكوژیی گەلی كورد لە عەفرین، بۆ رێككەوتنیشمان لەگەڵ ئەوان پێویستە پێش هەموو شت یەك دژومنمان هەبێت لەگەڵ ئەنەكەسە".

نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، بانگەوازێكی ئاڕاستەی ئەنەكەسە كرد بەوەی لە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بێنە دەرەوە و دەست بكرێت بە گفتوگۆ و رێككەوتن، چوونكە هێرشی توركیا دژی كوردە نەك تەنها لایەنێك، بۆ رێككەوتنیش پێویستە پێش هەموو شت لەو رێككەوتنە بێنە دەرەوە و دواتر دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ ئەنەكەسە بكرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51217

Your Comment

You are replying to: .
captcha