ده‌یان چه‌کداری داعش له‌ دێره‌زوور به ‌ناوی ئاواره‌وه‌ خۆیان ده‌رباز ده‌که‌ن

به‌شی سووریا- ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی ڕابروودا زیاتر له‌ 2200 که‌س له‌ دواناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فورات خۆیان ده‌رباز کردوووه‌ و گومان ده‌کرێت ده‌یان چه‌کداری داعش خۆیان خزاندبێته‌ ناو ئاواره‌کانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ی کانوونی دووهه‌می 2019 ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ بڵاوی کرده‌وه‌: له ‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتی ڕابردوودا 2200 که‌س که‌ زۆرینه‌یان ژن و منداڵ بوون، له‌ دواناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی داعش له‌ پارێزگای دێره‌زوور و ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات له‌ ڕێڕه‌وێکی پارێزراوه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ و گومان هه‌یه‌ زیاتر له‌ 180 که‌س له‌و ئاوارانه‌ چه‌کدارانی داعش بن و خۆیان خزاندبێته‌ ناو کاروانی ئاواره‌کانه‌وه‌ که‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ به‌ره‌و که‌مپێکی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌کان گواستراونه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگه‌ی سووری بڵاوی کرده‌وه که‌ له‌ مانگی کانوونی یه‌که‌می ساڵی ڕابردوووه‌وه‌ زیاتر له‌ 20 هه‌زار که‌س له‌ ناوچه‌کانی هه‌جین و دێره‌زووره‌وه‌ ئاواره‌ بوون و له ‌ناویان ژماره‌یێک هاووڵاتیی عێراقی و ڕووسی و سۆماڵی هه‌ن که‌ گومان ده‌کرێت پێشتر چه‌کداری داعش بوون و به‌ ناوی ئاواره‌وه‌ خۆیان له ‌ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی ئه‌و گرووپه‌ ڕزگار کردبێت.

ناوبراو وتیشی: "ته‌نها له‌م هه‌فته‌یه‌دا 5300 که‌س ئاواره‌ بوون و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ 500 که‌سیان چه‌کداری داعش بن".

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ ئاژانسی کۆچبه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوودا 25 هه‌زار که‌س له ‌ناوچه‌کانی شه‌ڕ و به‌ تایبه‌تی له‌ دێره‌زووره‌وه‌ ئاواره‌ی ناوچه‌ ئارامه‌کان بوون.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51161

Your Comment

You are replying to: .
captcha