پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام بۆ به‌رگری‌کردن له‌ کوردی سووریا ناڕوونه‌

به‌شی جیهان- دوکتۆر یه‌زید سائق به‌ کوردپرێسی وت: تورکیا و ئه‌مریکا ئامانجێکی جیاوازیان له‌ دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا هه‌یه‌ و ئه‌و پرسه‌ هێشتا گومانی زۆری تێدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرژییه‌کان له‌ نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ کۆنتڕۆڵی باکووری سووریا له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه و‌ پاش ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاند که‌ له‌ سووریا ده‌کشێته‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ پێشنیاری به‌ تورکیا کرد که‌ بۆ نه‌هێشتنی نیگه‌رانیی ئه‌منیی تورکیا له‌باره‌ی کوردی سووریاوه‌ ده‌توانرێت ناوچه‌یێکی ئه‌من له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ به‌ قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تر دروست بکرێت هه‌رچه‌ند که‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ پێشوازی لێکرا به‌ڵام هێشتا گومانی زۆری تێدایه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریکا خۆیان دوو ناوی جیاوازییان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ داناوه‌؛ ناوچه‌ی ئارام و ناوچه‌ی په‌رژین به‌ڵام دوکتۆر یه‌زید سائق توێژه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ په‌یمانگای کارنگی له‌وباره‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: له‌ واقیعدا ئه‌م ناوچه‌یه‌ ناوچه‌یێکی په‌رژینه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا بیهه‌وێت داخلی ناوچه‌که‌ بێته‌وه‌ و کۆنتڕۆڵی بکات. له‌ ڕاستیدا تورکیا ده‌یه‌وێت ناوچه‌ ئارامه‌که‌ کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بکرێت تورکیا زۆربه‌ی شاره‌ کوردنشینه‌کانی باکووری سووریا کۆنتڕۆڵ ده‌کات.

کورده‌کانی سووریاش پێشوازییان له‌ دامه‌زراندنی ئاوه‌ها ناوچه‌یێک کردوووه‌ به‌ڵام جه‌ختیش ده‌که‌نه‌وه‌ ناوچه‌که‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانه‌وه‌ چاودێری بکرێت.

دوکتۆر یه‌زید سائق به‌ کوردپرێسی وت: به‌ ڕاستی له‌م قۆناغه‌دا هێشتا دیار نییه‌ که‌ مه‌به‌ستی ئه‌مریکا و تورکیا له‌ پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی ئارام چییه‌. ئه‌ردۆغان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی به‌ چه‌شنێک بۆ نوێنه‌رانی خۆی لێکداوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سیمای سیاسیی خۆیدایه‌ به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ یارمه‌تییێک به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ له‌ قۆناغی جێبه‌جێ کردندا نادات و سه‌رۆک کۆمارانی تورکیا و ئه‌مریکا هه‌نگاوی کردارییان له‌وباره‌وه‌ هێشتا ئه‌نجام نه‌داوه‌ و ئه‌نجامیشی ناده‌ن.

توێژه‌ری په‌یمانگای کارنگی له‌باره‌ی ئامانجی ئه‌مریکا له‌ باس‌کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ڵێت: "سوپای ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت دڵنیا ببێته‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی ناسراو به‌ یه‌په‌گه‌ و هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی نابنه‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ قبووڵ ده‌کات که‌ هێزه‌ کورده‌کانیش ده‌بێت له‌ سنووری سووریا و تورکیا پاشه‌کشێ بکه‌ن."

ناوبراو جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ نه‌ ئه‌مریکا و نه‌ تورکیاش باس له‌ ڕاستییه‌کانی ناوچه‌ی ئه‌من ناکه‌ن به‌ڵکوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ مه‌به‌ستی باشترکردنی سیمای سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ی گشتی ڕاستییه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ پیشان بده‌ن.

دوکتۆر سائق زیادی کرد: تورکیا ئیدعای سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر تیرۆریستان دێنێته‌گۆڕێ و ئه‌مریکاش ده‌ڵێت که‌ به‌رگری له‌ کورده‌کان کردوووه‌.

کارناسی باڵای په‌یمانگای کارنگی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ڕووسیاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا به‌ کوردپرێسی گوت: "ئێمه‌ نازانین که‌ ڕووسیا چۆن له‌باره‌ی پڕۆژه‌که‌وه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ هه‌ر حاڵ مۆسکۆ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و سووریای دیموکرات له‌ ناوچه‌که‌ بکشێنه‌وه‌ ده‌بێ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا کۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت هه‌ر بۆیه‌ مومکینه‌ بابه‌ته‌که‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ دژوارییێکی زۆری به‌دواوه‌ بێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51160

Your Comment

You are replying to: .
captcha