ژنێکی ئێزدی و سێ منداڵی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار کران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئیزدی ڕای‌گه‌یاند که‌ توانیویانه‌ ژنێکی ئێزدی و سێ منداڵه‌که‌ی له‌ سووریا له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حسێن کورو به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئیزدی به‌ میدیاکانی ڕاگه‌یاندووووه‌ که‌ ژنێک و سێ منداڵی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار کراون و ئه‌و ژنه‌ خه‌ڵکی گوندی دوگرێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگاله‌، ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌ و ماوه‌ی چوار ساڵ خۆی و منداڵه‌کانی له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌کدارانی داعشدا بوون.

حسێن کورو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: له‌ ئێستادا ئه‌و ژنه‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌ نێو که‌سوکاره‌که‌ی و پشکنینی پزیشکی بۆ ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ که‌مپی شاریا له‌ دهۆک نیشته‌جێ کراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نووسینگه‌ی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی ئاشکرای کرد که‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تاکوو ئێستا توانیویانه‌ 11 که‌س له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار بکه‌ن، به‌م جۆره‌ش ژماره‌ی ته‌واوی ڕزگارکراوان له‌ ده‌ستی داعش گه‌شتووه‌ته‌ سێ هه‌زار و 342 که‌س و تاکوو ئێستاش سێ هه‌زار هاووڵاتی دیکه‌ی ئێزدی له‌ژێر ده‌ستی چه‌کدارانی داعشدا ماون.

شایانی باسه‌؛ 3ی ئابی 2014 داعش هێرشی کرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا و هه‌زاران هاووڵاتی ئێزدی که‌وتنه‌ ژێر ده‌ستی چه‌کداره‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51151

Your Comment

You are replying to: .
captcha