تره‌مپ و ئه‌ردۆغان پرسى دياركردنى ناوچه‌يێکى داماڵراويان له‌ باكوورى سووريا تاوتوێ كرد

بەشی تورکیا- سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان له‌ په‌يوه‌ندييێكى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، پرسه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ره‌وشى سووريا و دامه‌زراندنى ناوچه‌يێكى داماڵراو له‌ چه‌كيان له‌ باكوورى سووريا تاوتوێ كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا له‌ به‌ياننامه‌يێكدا رايگه‌ياند هه‌ردوو سه‌رۆكى توركيا و ئه‌مه‌ريكا باسيان له‌ درووست كردنى ناوچه‌يێكى خاڵى له‌ تيرۆر كردووه‌، كه‌ له‌ باكوورى سووريا ديار بكرێت.

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا باسى ئه‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ ئه‌ردۆغان پێشوازیی له‌ بڕيارى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ سووريا كردووه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌يى ته‌واوى توركياشى ده‌ربڕيوه‌ بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارييێكى ئه‌مه‌ريكا له‌ باره‌ى كشانه‌وه‌ى سوپاكه‌ى له‌ خاكى سووريا.

به‌ گوێره‌ى به‌ياننامه‌كه‌، ئه‌ردۆغان به‌ تره‌مپى وتووه‌ توركيا كێشه‌ى له‌گه‌ڵ كورد نييه‌ و ته‌نيا مه‌به‌ستى ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆريستيانه‌يه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى توركيا ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا باسيان له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ى شارى منبج كردووه‌، كه‌ ساڵى رابردوو له‌ باره‌يه‌وه‌ رێككه‌وتبوون.

له‌ به‌رامبه‌ريشدا تره‌مپ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ رێگرى بكرێت له‌ قۆستنه‌وه‌ى هه‌ر ده‌رفه‌تێک كه‌ مه‌به‌ست لێى درووست كردنى ئاسته‌نگ بێت له‌به‌رده‌م كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ خاكى سووريا.

ئه‌مه‌ريكا رۆژى 19ى ديسه‌مبه‌رى رابردوو، بڕياري دا هێزه‌كانى له‌ سووريا بكێشێته‌وه‌.

بڕياره‌كه‌ى ئه‌مه‌ريكا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارييه‌كانى سوپاى توركيا بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ توركيا به‌ درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانيان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و به‌ گرووپى "تيرۆريستيى" ناويان ده‌بات.

پێش ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌ى نێوان ئه‌ردۆغان و تره‌مپ، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، له‌ تويتێكدا رايگه‌ياند، ئابوورى توركيا وێران ده‌كه‌ين ئه‌گه‌ر هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردانى سووريا، ئه‌وانه‌ى شه‌ڕى داعشيان شان به‌ شانى ئه‌مه‌ريكا كردووه‌.

هه‌روه‌ها تره‌مپ رايگه‌ياندبوو، ده‌خوازێت ناوچه‌يێكى دابڕاو له‌ باكوورى سووريا به‌ مه‌وداى 20 ميل درووست بكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايشى كورد و رێگرتن له‌ هه‌راسان كردنى توركيا.

سه‌باره‌ت به‌و پێشنيازه‌ى دۆناڵد تره‌مپ، له‌ يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌يدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ رايگه‌ياند، دامه‌زراندنى ناوچه‌ى دابڕاو له‌ سووريا بيرۆكه‌ى ئه‌مه‌ريكا نييه‌ و پێشتر بۆ يه‌كه‌مجار ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركيا ئه‌و پێشنيازه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو.

سه‌رچاوه‌: رووسيا ئەليوم

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51075

Your Comment

You are replying to: .
captcha