به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌رێم و ئێران بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: "سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ھه‌رێمی كوردستان ھه‌م سه‌ردانێكی سیاسییه و ھه‌میش بازرگانییه. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌مێک بوو سه‌ردانی ھه‌رێمی كوردستانی نه‌كردبوو و ھه‌ردوو لا پێمان خۆش بوو ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجام بدرێت. له ڕووی بازرگانییه‌وه شاندێكی باڵای بازرگانی دێته هه‌رێم كه له گه‌وره‌بازرگان و به‌رپرسانی بازرگانیی ئێران پێکھاتوووه و نزیكه‌ی 40 كه‌س ده‌بن و مه‌به‌ست له‌و شانده بازرگانییهیش كه یاوه‌ریی جه‌واد زه‌ریف ده‌كه‌ن بۆ ھه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه به‌شداری له كۆنفڕانسێكی بازرگانیدا بكه‌ن كه بڕیاره دوانیوه‌ڕۆی سبه‌ی سێشه‌ممه 15ی کانوونی دووهه‌می 2019 له ھۆتێل گرامی شاری سلێمانی به‌ڕێوه بچێت."
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ھه‌رێمی كوردستان گوتی: "ھه‌ر سبه‌ینێ شاندی باڵای بازرگانیی ئێران له شاری ھه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژووری پیشه‌سازی و بازرگانیی ھه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ڕه‌وشی بازرگانیی نێوان ھه‌ردوولا كۆ ده‌بنه‌وه."
ئاكره‌یی له‌باره‌ی ڕه‌وشی سیاسییه‌وه ئاماژه‌ی دا: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی و سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی كۆبوونه‌وه و دیداری ده‌بێت و بێگومان مه‌به‌ست له‌و كۆبوونه‌وانه پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و ئێرانه چوونكه ھه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 600 كلیۆمه‌تر سنووری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ھه‌یه و ھه‌بوونی ئه‌و سنووره بهرفراوانهیش بێ كێشه نییه."
ناوبراو زیاتر ڕوونی كرده‌وه: "ئێمه سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ ھه‌رێمی كوردستان به ئه‌رێنی ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی دێنه پێش، به دانووستان چاره بكرێن به تایبه‌تی ئاسانكاری له ڕووی بازرگانییه‌وه ھه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھه‌ردوولا تێیدا سوودمه‌ندین."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment