کوردپرێس:
ئێوارەی ڕۆژی ێنجشەمە 20ی بەفرانبار 1397 بەرانبەر بە 10ی کانوونی دووهەمی ساڵی 2019 بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەدەبی و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و شاعیر و نووسەری کورد لە هۆڵی ئیدارەی ڕۆشنبیریی شاری مەریوان پەردە لەسەر بەرهەمی شێعریی خاتوو بەیان حسێنی ناسراو بە بەیان مەریوان لادرا.
ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر ئەو بەرهەمە شێعرییەی خاتوو بەیان لەسەر ئەرکی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار و بەماندووبوونی بنەماڵەی ئەو خاتوونە شاعیرە بەڕێوە چوو و بەشداریی بەرچاوی کەسایەتی ئەدەبی و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و شاعیر و نووسەرانی بەخۆوە بینی.
بەیان حسێنی لەبارەی ئەو بەرهەمە شێعرییەوە بەئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: بەرهەمەکە کۆی 92 لاپەڕە لە خۆ دەگرێت کە بریتییە لە هەردوو شێوازی شێعری نوێ و کلاسیکیش بە دووبەیتی و غەزەلیشەوە کە لە ژێر ناوی "شنەی بەیان" و لە لایەن بڵاڤگەی زانکۆوە و لە سەر مەسرەفی خودی شاعیر 1000 بەرگی لێ چاپ کراوە.
ئەو شاعیرە گەنجە دەڵێت شێعرەکان زیاتر شێعری نوێن و لەبارەی ئێلیمان و مووتیڤی شێعرەکانیشەوە بە کوردپرێسی وت: "من لە شێعرەکانمدا زیاتر مامەڵەم لەگەڵ سروشت کردووە. لە شێعری مندا جووڵانەوە هەیە. گیانلەبەر هەیە. ئەستێرە و مانگ و ئاو و بە گشتی سروشت شێعری من لەبەر دەگرن.
لە ڕێوڕەسمی پەردەلادانەکە دوو پەنێلی زانستی بۆ باسکردن لەسەر بەرهەمە شێعرییەکە بەڕێوە چوو و هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری پاش پێشکەش کردنی چەند کۆپلەیێک یەکێک لە شێعرەکانی ئەو شاعیرەشی بە مەقام خوێند.
خاڵی بەرچاو لەو مەڕاسیمەدا ئەوە بوو کەجێگەی بەتاڵی بەرپرسانی ئیداریی شارەکە و بەتایبەتی ئیدارەی ڕۆشنبیری هەستی پێدەکرا و وەکوو خودی ئەو شاعیرەش گوتی هیچ یارمەتی یان پشتگیرییێک لەلایەن بەرپرسانی ئیداری و حکوومییەوە نەبووە بۆ لەچاپدانی کتێبەکە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکەش.
بەیان حسێنی لەدایکبووی ساڵی 1365ی هەتاوی لە گوندی بۆڕیەری سەر بە شاری سەوڵاوا لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی تارانە و وەکوو خۆی دەڵێت هەر لەمنداڵییەوە هۆگری شێعری ئەو شاعیرانە بووە کە باوکی بۆی خوێندۆتەوە و ئەو بەرهەمە شێعرەش ئەنجامی سەفەرەکانی خەیاڵیەتی لەم چوار ساڵەی ئەخیر.
Your Comment