سەرکەوتنی حکوومەتی داهاتووی هەرێم بەستراوە بە گۆڕینی عەقڵییەتی دوو حیزبە باڵادەستەکەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سۆران عومەر نێونەری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دیاریکرانی مەسروور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وتووە: کۆمەڵی ئیسلامی هەندێک تێبینیی لەبارەی مەسروور بارزانییەوە هەیە سەبارەت بەو کاتەی پۆستی ئەمنیی بووە.

کوردپرێس:

ئەگەرچی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت بەڵام ئێستاش بەرچاوڕوونی بۆ داهاتووی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوولی 2018دا توانیی لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان 45 کورسیی مسۆگەر کرد و لە جووڵەیێکی چاوەڕواننەکراودا مەسروور بارزانیی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناساند کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە و پێشتریش پۆستی ئەمنی و هەواڵگریی بووە.

تا ئەم کاتەش پارتی بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەت خولێکی گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئەنجام داوە بەڵام لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی دیداری نەکردووە کە گەورەترین فراکسیۆنی ئیسلامیی پەرلەمانی کوردستانە و 15 کورسیی پەرلەمانی بەدەستەوەیە. کۆمەڵ تا ئەم کاتەش هەڵوێستی خۆی بۆ بەشداری کردن یان نەکردن لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ڕانەگەیاندووە. ئەوەش لە کاتێکدایە بزووتنەوەی ئیسلامی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بایکۆتی بەشداری کردن لە حکوومەتی نوێیان کردووە و جەختیان کردۆتەوە کە وەکوو لایەنی موعارەزە دەمێننەوە.

سۆران عومەر نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وت: پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان هیچ عیلاقەی بە کۆمەڵی ئیسلامییەوە نییە لەبەر ئەوەی ئێمە بەشداریی گفتوگۆکانمان نەکردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی دیدارکردنە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەڵام تا ئەم کاتەش سەرکەوتوو نەبووە لە بەئەنجام گەیاندنی گفتوگۆ سیاسییەکان. پارتی گفتوگۆی لەگەڵ یەکێتی کردووە بەڵام بە هیچ شێوەیێک دانووستانی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی نەکردووە.

سۆران عومەر ئاشکراشی کرد: ئەگەرچی ماوەیێکی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چووە و ئەنجامەکەشی پشتڕاست کراوەتەوە و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاسایییان خواردووە بەڵام تا ئەم کاتەش پارتی وەکوو گەورەترین حیزبی کوردستانی کە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت نەیتوانیوە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت و هێمایێک نابینرێت کە دەلالەت بێت لە سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لە داهاتوویێکی نزیکدا.

ناوبراو لە بارەی بڕیاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن لە حکوومەتی نوێی هەرێم بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: تا ئەم کاتەش کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان داواکاری یان پێشنیازێکی بۆ بەشداری کردن لە حکوومەتی نوێی هەرێم وەرنەگرتووە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش هیچ گفتوگۆ و دانووستانێکی لەگەڵ کۆمەڵ نەکردووە و هەر بەو بۆنەیەشەوە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەو بارەیەوە هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە.

ئەو نوێنەرەی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاندیدکرانی مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وت: کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان تا ئێستا پێوەندی و عیلاقاتی لەگەڵ مەسروور بارزانی نەبووە کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم ڕاسپێردراوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ناوبراو لە دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی هەرێمدا کاری کردووە. بۆیە بۆ کاروباری حکوومی هیچ پێوەندییێکیمان لەگەڵی نەبووە کە ئێستا بتوانین لەبارەی ئاکار یان ڕەوشتی ناوبراوەوە قسە بکەین؛ بەڵام بەوەشەوە کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەر بەڕێزیان هەیە لەبارەی ئەو کاتەوە کە پۆستی ئەمنیی بەدەستەوە بوو.

سۆران عومەر لەبارەی ئەوەشەوە کە ئایا سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێم سەرکەوتوو دەبێت یان خەیر بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: تا ئەو کاتەی عەقڵییەتی پارتی و یەکێتی لە سەر ئەم هێڵەی ئێستا بێت هیچ دەوڵەتێکی ئەو دوو حیزبە سەرکەوتوو نابێت.

News Code 50887

Your Comment

You are replying to: .
captcha