بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چارەنووسی بەشێک لەو كوردە ئێزدییانەی لە ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندراون ئاشكرا دەبێ، هەندێكیان هێشتا بەدەست داعشەوە ماون لە سووریا، بەشێكیشیان لەو كەمپانەن كە لە مووسڵ بۆ خێزانی چەكدارانی داعش دروست كراون.
لەم بارەیەوە كەسوكاری یەكێک لەو بێسەروشوێنانە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنیی رووداو دەڵێت :"لە ناوچەی سوسە لە سووریا پەیوەندیان پێوە كردووین و دەڵێن بەهۆی بۆردومانەوە رەوشمان زۆر خراپە".
داوود ئیلیاس، خەڵكی گوندی كۆچۆیە، 15 كەس لە خێزانەكەی بێسەروشوێنن، بەڵام ئەو هێشتا بێ ئومێد نەبووە لە دۆزینەوەیان. ئەو باسی چارەنووسی هەندێک لەو بێسەروشوێنانە دەكات و دەڵێت :"دوو رۆژ لەمەوبەر خزمێكمان كە لەلایەن داعشەوە رفێندراوە، پەیوەندی پێوەكردم و پێیگوتم ئێمە زیاتر لە 10 كوردی ئێزدی دەبین لە ناوچەی سوسەین لە دێرەزوور، بەڵام هەر یەكەمان لە لایێكین".
داوود زانیاریی زیاتر لەسەر چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانە لە زاری ژنەكەی خزمیانەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "ماوەیێكە فڕۆكەكان بۆردومانی ئەو ناوچەیە دەكەن و لەو بۆردومانانەشدا چەند ژن و منداڵێكی ئێزدیش بوونەتە قوربانی، رەوشی ئێمەش زۆر خراپە، چوونكە داعش ئێمەی كردووەتە قەڵغانی پاراستنی خۆی".
ئەو ژنە لە رێگەی داوودەوە داوا لە لایەنی بەرپرس لە كوردستان و عێراق كرد كە بەهانایانەوە بچن. داوود دەڵێت :"ئەو ژنە داوای لە من كرد كە دەنگی بگەیێنمە لایەنی پەیوەندیدار لە كوردستان و عێراق، ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان، زۆربەیان ئێستا مەترسیی كوشتنیان لەسەرە، چوونكە سنووری داعش زۆر بەرتەسک بووەتەوە، هەموویان لە ناوچەیێک كۆبوونەتەوە، بۆیە ئەگەر فریامان نەكەون، هەموومان دەبینە ئامانجی هێرشی فڕۆكەكان".
بەسام خزر، بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رەفێنراوان، قسەكانی داوود پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: "ئێمەش ئاگاداری چارەنووسی بەشێک لەو كوردە ئێزدیانەین كە تا ئێستا لە ژێر دەستی داعشدا ماون، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچەی سوسەی سەر بە دێرەزوورن". هەروەها گوتی: "جگە لەوانەی لە سوسەن، هەندێكیشیان لەو كەمپانەن كە لە مووسڵ بۆ خێزانی چەكدارانی داعش دروست كراون".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئێزدیانەی تا ئێستا لە ژێر دەستی داعشن و شوێنەكانیان ئاشكرایە، بەسام خزر گوتی: "ناتوانم ژمارەكە بڵێم، بەڵام بەدەیانن. كچ و ژن و منداڵ و پیاو و گەنجیان تێدایە، ئێستا خەریكین بەشێكیان رزگار دەكەین، بۆ بەشەكەی دیكەش بەدوای رێگەچارەیێكدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ئازادیان بكەین".
رۆژی سێی ئابی 2014 چەكدارانی داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەریان دا، زیاتر لە 6000 كوردی ئێزدییان لەو ناوچەیە رفاند، بەشێكیان بە تایبەتیش نێرینەكان هەر لە شنگال و شوێنی نیشتەجێبوونیان كۆمەڵكوژ كران. هەروەها ژن و كچەكانیش كران بە كەنیزەک و چەكدارانی داعش لە نێوان خۆیاندا كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردوون.
بەسام خدر دەڵێت لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ رزگاركردن و دیاری كردنی چارەنووسی ئەو ئێزدییانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن "هەتا یەک كوردی ئێزدی مابێت رزگار بكرێ، ئێمە لەسەر كاری خۆمان بەردەوام دەبین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment