نوێنه‌رانی کوردی په‌رله‌مانی ئێران له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیاوه‌ نامه‌یێک ئاڕاسته‌ی سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ده‌که‌ن

به‌شی ئێران/ کوردی- ژماره‌یێک له‌ نوێنه‌رانی چوار پارێزگای کوردنشینه‌که‌ی ئێران له‌ نامه‌یێکدا ده‌نگی ناڕه‌زاییی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر کورده‌کانی سووریا ده‌گه‌یێنه‌ سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان و داوا ده‌که‌ن ڕێگری بکات له‌ ده‌ستدڕێژی و هێرش‌کردنی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سه‌ر خاکی سووریا و کۆمه‌ڵکوژکردنی خه‌ڵکی کوردی بێ‌به‌زه‌ییی ئه‌و وڵاته‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ی کانوونی یه‌که‌می 2018/ 8ی به‌فرانباری 1397 ژماره‌یێک نوێنه‌ری کوردی په‌رله‌مانی ئێران له‌ نامه‌یێکدا هه‌ڕه‌شه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی سووریا به‌ داگیرکاری وه‌سف ده‌که‌ن و ده‌ڵێن پێشتریش تورکیا ئه‌و ده‌ستدڕێژییه‌ی له‌ عه‌فرین کردبوو.

له‌ نامه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کاندا ڕه‌خنه‌ له‌ زلهێزانی جیهانیش گیراوه‌ که‌ ئیدعای پارێزگاری کردن له‌ مافی مرۆڤ ده‌که‌ن به‌ڵام بێده‌نگن له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستدرێژییه‌کانی سوپای تورکیا که‌ ته‌ماحی کردوووه‌ته‌ سه‌ر خاکی سووریا و سه‌روه‌ریی ئه‌و وڵاته‌ ده‌شکێنێت که‌چی زلهێزانی جیهانی بیر له‌ بازرگانی کردن به‌ چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ده‌که‌ن.

هه‌ر له‌ نامه‌ی نوێنه‌ره‌ کورده‌کاندا نووسراوه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا فاشیست و ناوچه‌گه‌رایه‌ و به‌ درێژاییی مێژوو چه‌ندین جار مافی زیاتر له‌ 20 ملیۆن کوردی دانیشتووی ئه‌و وڵاته‌ی پێشێل کردوووه‌ و بێگومان ئه‌م جووڵه‌ سه‌ربازییه‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی تورکیا که‌ به‌ مه‌به‌ستی دوژمنایه‌تی کردن و چاوترساندنی کورد ده‌یکات بێزار کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌ولییه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سیسته‌می حوکمڕانی تورکیا.

خاڵێکی دیکه‌ که‌ له‌ نامه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کاندا ئاماژه‌ی پێکراوه‌ قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی کوردییه‌ له‌ ڕێکخراو و دایره‌ گشتی و حوکمییه‌کانی تورکیا و هه‌روه‌ها زیندانی‌کردنی نوێنه‌ره‌ کورده‌کانی په‌رله‌مان له‌ پشکی هه‌ده‌په‌ و هێرشی به‌رده‌وامی سوپای تورکیا بۆ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ که‌ هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ وه‌کوو نیازی خراپی تورکیا بۆ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی خوێندنه‌وه‌ی بۆ کراوه‌ و له‌باره‌ی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سووریا و عێراقیشه‌وه‌ نووسیویانه‌ ئه‌و ده‌ستدڕێژییانه‌ له‌ ڕاستیدا پێشێل‌کردنی سه‌روه‌ریی خاکی دراوسێکانه‌ که‌ به‌ یارمه‌تیی تیرۆریستانی داعش و نوسره‌ دژ به‌ خه‌ڵکی کوردی عه‌فرین و کۆبانێ و به‌شێکی خاکی هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت.

له‌ به‌شی کۆتاییی نامه‌که‌دا دووپات کراوه‌ته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی باس کران ته‌نها به‌شێکی بچووکن له‌ ئه‌و دوژمنکارییانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ کورد ده‌یکات و به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ به‌ ناوی نوێنه‌ره‌ کورده‌کانی په‌رله‌مانی ئێرانه‌وه‌ ئیدانه‌ی تاوانی دژه‌مرۆڤانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌رانبه‌ر به‌ کورده‌کانی سووریا و تورکیا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن هه‌موو کوردێک له‌ هه‌موو جێگایێکی جیهان به‌ ڕه‌گه‌ز ئێرانییه‌ و به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان ده‌زانن پارێزگاری له‌ مافی کورده‌کانی هه‌موو جیهان بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50644

Your Comment

You are replying to: .
captcha