کوردپرێس:
شەوی چوارشەممە ترەمپ بە فڕۆکە تایبەتەکەی (Air Force One) لە واشنتنەوە بەڕێکەوتووە و لە بنکەیێکی سەربازی لە رۆژئاوای بەغدا لەگەڵ راوێژکار و سەربازەکانی وڵاتەکەی کۆ بووەتەوە و پیرۆزباییی جەژنی کریسمسی لێکردوون.
هەر لەو بارەیەوە کۆشکی سپی سەردانی ترەمپی بۆ عێراق و بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی بەبۆنەی کریسمس ئاشکرا کرد و رایگەیاند "سەرۆکی ئەمریکا رەتی دەکاتەوە هیچ جۆرە پلانێکی هەبێت بۆ دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق".
سارا ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و خانمی یەکەم سەردانی عێراقیان کردووە و راوێژکار و سەربازەکانی وڵاتەکەیان بەسەر کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکەی ترەمپ سێ کاژێری خایاندووە و لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی عێراقیش کۆ نەبووەتەوە. سارا سەندرز لەو بارەیەوە گوتوویەتی: سەردانەکەی ترەمپ بە پەلە بوو و دەرفەت بۆ بەرنامەداڕشتن بە دەستەوە نەبوو بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ دیدار لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دابین بکرێت.
کەناڵی "سی بی ئێس" لە کۆشکی سپی لە زاری سارا سەندرزەوە ڕایگەیاند: لایەنی عێراقی تەنها چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی ترەمپ لەو سەردانە ئاگادار کراونەتەوە.
هاوکات نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرای کرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە ئاگادار کردووەتەوە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا رایگەیاند "حکوومەتی ئەمریکا حکوومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە ویستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە 26-12-2018ـدا ئەمەش بۆ پیرۆزبایی­کردن لە حکوومەتی نوێی عێراق و سەردانیکردنی سەربازە ئەمریکییەکانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە پاڵپشتیی عێراق دەکەن لە شەڕی دژی داعش، حکوومەتی عێراقیش پێشوازیی لەو داواکارییە کرد".
لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ترەمپ، لە بەیاننامەکەدا هاتووە "دەبوو پێشوازی­کردنێکی فەرمی و کۆبوونەوە لەنێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکرێت، بەڵام بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی رێکخستنی کۆبوونەوەکە، لەبری کۆبوونەوە پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام درا، کە تێیدا باسی بەرەوپێشچوونی رەوشەکە بەتایبەتی لەدوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا، هەروەها هەماهەنگی بۆ شەڕی داعش، رەخساندنی ئاشتی و ئارامی بۆ گەل و وڵاتانی ناوچەکە کرا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەکەدا پێشوازیی لەو سەردانەی ترەمپ کردووە و دەڵێ "سەرۆکوەزیران بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکای کردووە سەردانی بەغدا بکات، هەروەها سەرۆکی ئەمریکاش بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە سەردانی واشنتن بکات، هەردوولاش رێککەوتوون بەردەوام بن لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵات".
لە لایێکی دیکەشەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: سەردانەکەی ترەمپ بۆ عێراق چاوەڕواننەکراو نەبوو لە بەر ئەوەی پێشتر دۆگڵاس سیلیمان لەگەڵ محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق دیداری کردبوو و سەردانەکەی ترەمپی بە وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندبوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەلمەیادین بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی خۆی و هەندێک هەواڵ و زانیاریی پشتڕاست نەکراو باس لەوە دەکات کە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕازی نەبوون چاویان بە ترەمپ بکەوێت. بەوەشەوە سەرچاوەیێکی خۆجێیی گفتوگۆی لەگەڵ کەناڵی د"دیجلە" کردووە و وتوویەتی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بنکەی ئاسمانیی "عین الاسد" سەردانێکی لە ناکا بوو دوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی بەرنامەی دیدارکردن لەگەڵ یەکتریان نەبووە.
ئەوە یەکەم سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق لەماوەی دوو ساڵی رابردووی سەرۆکایەتییەکەیدا. ترەمپ لەو سەردانەیدا هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبینیوە و تەنیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و بانگهێشتی کردووە بۆ واشنتن. ئەگەرچی هەندێک هەواڵ و زانیاریی پشتڕاست نەکراو باس لەوە دەکەن کە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕازی نەبوون چاویان بە ترەمپ بکەوێت.
Your Comment