عێراق هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت چڕ ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كۆمپانیای نه‌وتی به‌سره‌ به‌ مه‌به‌ستی ھه‌ڵكه‌ندنی 40 بیره‌ نه‌وت له‌ كێڵگه‌ی مه‌جنوونی باشووری عێراق گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای "Schlumberger" واژۆ کرد كه‌ له‌ بواری په‌ره‌پێدان به‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان كار ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 19ی کانوونی یه‌که‌می 2018 وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كردوووه‌ته‌وه‌ که‌ كۆمپانیای نه‌وتی به‌سره‌ كه‌ كۆمپانییێكی سه‌ر به‌ كه‌رتی گشتییه‌ گرێبه‌ستێكی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دۆزینه‌وه‌كانی نه‌وت كه‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ هه‌مان كه‌رته‌، بۆ ئه‌نجامدانی رووپێویه‌كی بوومه‌له‌رزه‌یی له‌ كێڵگه‌ی مه‌جنوون، واژۆ كردوووه‌.

ھه‌ر دوو گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ باره‌گای وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونی سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وت واژۆ كراون به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌ھای ھه‌ر دوو گرێبه‌سته‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردوووه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه سامر غه‌زبان ڕایگه‌یاندوووه‌ که‌ كێڵگه‌ی مه‌جنوون یه‌كێكه‌ له‌و كێڵگه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ خاوه‌ن توانایێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رھه‌مھێناندا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ ئامانج له‌ واژۆ كردنی هه‌ر دوو گرێبه‌سته‌كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رھه‌مهێنانه.

دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیای (Royal Dutch Shell) له‌ مانگی ته‌مموزی ڕابردوودا له‌ كێڵگه‌ی مه‌جنوون كشایه‌وه‌، له ‌ئێستادا حكوومه‌تی عێراق كاری په‌ره‌پێدان به‌و كێڵگه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50417

Your Comment

You are replying to: .
captcha