کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا کورد ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

به‌شی جیهان- لیندزی گراهام سیناتۆری کۆمارییه‌کان ڕه‌خنه‌ له‌ بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ده‌گرێت و به‌ هه‌ڵه‌یێکی "هاوشێوه‌ی هه‌ڵه‌کانی ئۆباما" ناوی ده‌بات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌گه‌ڵ بڕیاری ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا کاردانه‌وه‌کان له‌سه‌ر ئاستی جیهان جیاواز بوون و له ‌نێوخۆی ئه‌مریکاش به‌شێک له‌ سیناتۆر و کۆنگرێسمانه‌کان ڕه‌خنه‌یان له‌ بڕیاره‌که‌ گرت.

لیندزی گراهام یه‌کێک له‌وانه‌ بوو به‌ توندی دژی بڕیاره‌که‌ وه‌ستایه‌وه‌. ئه‌و بڕیاری کشانه‌وه‌ی "هێزه‌ بچووکه‌که‌ی" ئه‌مریکا له‌ سووریای به‌ "هه‌ڵه‌یێکی زۆر گه‌وره‌ هاوشێوه‌ی هه‌ڵه‌کانی ئۆباما" ناو برد و ڕاشگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ رێزدا داعش له‌ سووریا و عێراق کۆتایی نه‌هاتوووه‌".

گراهام ده‌شڵێت: کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا کورده‌ هاوپه‌یمانه‌کانمان به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌و سیناتۆره‌ی کۆمارییه‌کان سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا "ئاڵۆز" ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی خستنه‌مه‌ترسی زیاتری ئه‌مریکییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا.

لیندزی گراهام ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ به‌ هۆکارێک ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌که‌دا زیاتر بکات.

مارکۆ رۆبیۆ سیناتۆری کۆمارییه‌کانیش ده‌ڵێت: به ‌خێرایی کشانه‌وه‌ له‌ سووریا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کورد و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) شه‌ڕ دژی داعش کۆتایی پێبهێنن.

رۆبیۆ بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا به‌ "هه‌ڵه‌یێکی مه‌ترسیدار" ناو ده‌بات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌نجام و کاردانه‌وه‌ی خراپی بۆ ئه‌مریکا به‌دواوه‌ ده‌بێت.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 19ی کانوونی یه‌که‌می 2018 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ توویته‌ری خۆی ڕایگه‌یاند "ئێمه‌ داعشمان له‌ سووریا تێکشکاندوووه‌ که‌ تاکه‌ هۆکاری مانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان بوو له‌و وڵاته‌ له ‌ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی مندا".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50415

Your Comment

You are replying to: .
captcha