کوردپرێس:
"وەلید چولی" سیاسەتوانێکی کوردی سووریایە کە هاوکات ئەندامی ناوەندی توێژینەوە ستراتێژییەکانی فوراتە لە قامیشلۆ و گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات وتوویەتی: هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە، وڵاتی تورکیا سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی سووریا پەیڕەو کردووە و بەتایبەتیش دژایەتییەکە بەرانبەر بە کوردی سووریا زیاتر بووە.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: تورکیا زۆر گرووپی توندڕەوی خستۆتە ژێر پشتیوانیی خۆی و نموونەی بەرچاویشی سوپای ئازادی سووریایە کە تورکیا بۆ مەرامی خۆی بەکاریان دەهێنێت.
ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا چ لە باری ئابووری و چ لە باری سیاسییشەوە دەستدرێژیی کردۆتە سەر بەشێکی زۆری خاکی سووریا و لە سەر بنەمای هەمان سیاسەت دەستی بە سەر عەفرینیشدا گرت و ئێستاش بەنیازە لە خۆرهەڵاتی ڕووباری فوراتیش پەیڕەوی هەمان سیاسەتی داگیرکردن بکات.
ئەو ئەندامەی پەیمانگای توێژینەوە ستراتێژییەکانی فورات لە قامیشلۆ پێی وایە تورکیا یاری لەگەڵ زلهێزانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: تورکیا سەرقاڵی یاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی و زلهێزانی هەرێمی و دەولییە. لە مەسەلەی پەنابەرە سوورییەکاندا یاری لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەکات و بە هەمان شێوەش لە مەسەلەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەلەکە بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە و لە مەسەلەی ئیدلیب و هاوکاری کردن لەگەڵ ڕووسیاش توانیویەتی هەمان یاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بکات و بە قازانجی خۆی بیانقۆزێتەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: لە ڕاستیدا تورکیا هەوڵ دەدات مەشرووعیەت و ڕەوایی بە کارەکانی خۆی بدات و پێشتر بیانووی عەفرینی بوو، ئێستاش تەماحی کردۆتە مەنبەج و خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات.
وەلید چولی سەبارەت بە نەخشەڕێگای مەنبەجیش گوتی: ئەمریکا لەو نەخشەڕێگایەدا کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی بەرانبەر بە تورکیا پیشان داوە؛ بەڵام تا ئەم کاتەش دیار نییە ئەو ئیلتیزام و بەڵێنانە چین. لە بەرانبەردا تورکیا داوای کردووە هێزەکانی پاراستنی گەل، مەنبەج چۆڵ بکەن و لە لایێکی دیکەشەوە یەپەگە ڕایگەیاندووە کە مەنبەجی چۆڵ کردووە و ئەو شارە بە دەست ئەنجومەنی ئیداریی مەنبەجەوەیە.
ئەو چاودێرە سسیاسییە ڕوونیشی کردەوە کە سیاسەتی تورکیا لە سووریا سەرکەوتوو نەبوو و نەیتواتنی هاوپەیمانێتییێک لە مەنبەج دروست بکات و لە ئیدلیبیش بە هەمان شێوە توانای پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نەبوو و ئێستاش بەنیازە ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا ڕازی بکات کە مل بەوە بدەن بێتە خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات. ئەوەش لە کاتێکدایە ئیدلیبی بەو بشێوەیییەی خۆیەوە بەرەڵا کردووە و لێی ناپرسێت.
ئەو چاودێرە سیاسییە کوردەی سووریا گوتیشی ڕووسیا و تورکیا هەردووک حەز دەکەن ساحەی سووریا لە دەست ئەمریکا دەربێنن. تورکیا دەیەوێت ئەمریکا خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات چۆڵ کات و ڕووسەکانیش و دەوڵەتی ناوەندیی سووریاش بە هەمان شێوە حەز بەوە دەکەن. چوار وڵاتی تورکیا و ئێران و سووریا و ڕووسیا کۆدەنگن لە سەر ئەوەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات نەمێنێت و کێشەشیان لەگەڵ ئەوە نییە کە تورکیا بێتە ئەو ناوچەیە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم ڕەفتارانەی تورکیا لە ئەنجامدا کاردانەوەی ناتۆی لێدەکەوێتەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی تورکیا هاوپەیمانێکی ناتۆیە ئەو هاوپەیمانێتییە ناتوانێت بەو ئاشکرایییەی لە بەرانبەر ئێران و ڕووسیا هەڵوێست دەنوێنێت لە بەرانبەر تورکیاشدا بە هەمان ڕوونی کاردانەوەی هەبێت.
وەلید چولی جەختیشی کردەوە: ئەمریکا دژی ئەوەیە تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردی سووریا و بە ئاشکراش ڕایگەیاندووە کە تورکیا نابێت ئەو هەڵمەتە سەربازییە جێبەجێ بکات لە بەر ئەوەی هێزی کوردی سووریا و هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێکەڵی یەکتر بوون.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: مەترسیی هەڕەشەکانی تورکیا تەنیا زیان لە کورد نادات بەڵکوو ئەو هەڕەشانەی تورکیا مەترسییە لە سەر وڵاتانی دراوسێش لە بەر ئەوەی ئامانجی تورکیا داگیرکردنی خاک و فراوانکردنی ڕووبەری سنوورەکانی خۆیەتی چ لە سووریا و چ لە قووڵاییی عەبەربییش.
ئەو چاودێرە کوردەی سووریا ئەوەشی بیر هێنایەوە کە تا ئەو کاتەی تورکیا پێوەندیی لەگەڵ ڕووسیا هەبێت و هەوڵ بدات عیلاقاتی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا هەبێت مەترسیی ئەوە هەیە کە چاوچنۆکیی تورکیا لەوەی ئێستاش هەیە زیاتر پەرە بستێنێت.
وەلید چولی تیشکی خستە سەر ئەو ئامانجانەی کە تورکیا لە هێرش کردن بۆ خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات پەیڕەویان دەکات و بە کوردپرێسی وت: تورکیا سەرەتا دەیەوێت ئیرادەی کورد لە هەموو پارچەکاندا بشکێنێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەو نیازەشی دەستی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تێکەڵ دەکات. پاشانیش تورکیا بەنیازە میراتی عوسمانییەکان ببووژێنێتەوە و سنوورەکانی ئیمپراتوورییای عوسمانی بچەسپێنێتەوە. بەڵام ئەو ئەنجامی پڕۆژەیە هەر شکست دەبێت لە بەر ئەوەی مەسەلە تەنها مەسەلەی کورد نییە بەڵکوو لەم سیاسەتە نیوعوسمانییەی تورکیا پەیڕەوی دەکات بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمی و جیهانییش دەکەوێتە مەترسییەوە.
وەلید چولی گوتیشی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە تورکیا خۆ ببوێرێت لە جووڵەی سەربازی دژ بە کوردی سووریا و زیادیشی کرد: تورکیا وەجبەیێکی 14 هەزار کەسیی سەربازیی پێکهێناوە و ناوی هێزی نیشتمانیی سووریای لێناون و دەیەوێت بە هەر شێوەیێک بووبێت فەرمی بوونیان ڕابگەیەنێت. بەڵام لە بەرانبەریشدا ئەمریکا پێی وتوون کە هەرگیز قبووڵ ناکات ئەو هێزانە لە ناوچەکە بن و بە توندی وەڵامی هەموو چەشنە جووڵەیێکی ئەو هێزانە یان هێزی تورکیا دەداتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییی گفتوگۆکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس ئەوەشی ئاشکرا کرد: لە ڕاستیدا پەیامەکەی ئەمریکا بۆ گرووپە ڕادیکاڵەکانی پشتبەستوو بە تورکیا نەبوو بەڵکوو ئەو پەیامە خودی حکوومەتی تورکیای کردە بەردەنگ بۆ ئەوەی بیر لە هێرشکردن بۆ سەر خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات نەکاتەوە. گرفتی نێوان تورکیا و ئەمریکا قووڵ بۆتەوە و لە ئان و ساتدایە کە پێکدادان یان ڕووبەڕووبوونەوەی لە ناکاو ڕوو بدات هەر بۆیەش تورکیا زیاتر ڕووی لە ڕووسیایە و دژایەتیی ناتۆ دەکات.
Your Comment