مەسعوود بارزانی لەگەڵ برێت مەکگۆرک کۆ بووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بارزانی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش کۆ بووەوە و باسیان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و هەروەها ستراتیژیی وڵاتەكەیان لەبارەی سووریا خستە ڕوو".

لە بەرامبەردا بارزانی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی کوردی سووریا دەربڕی و بۆچوون و ئامۆژگاریی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەر كردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم كورد لە سووریا شیكردەوە.

وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، دەرئەنجامەكانی سەردانی مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا لە مانگی رابردوو و هەروەها سەردانی وەزیری وزەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەری دیكەی ئەو دانیشتنە بوون.

هەریەکە لە دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ویلیەم رێبوک، راوێژكاری تایبەتی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و ستیڤ ڤاگین، كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50343

Your Comment

You are replying to: .
captcha