پارێزگاری کوردستان: ماوه‌ی نێوان سنه‌ و سلێمانی ده‌بێته‌ دوو کاژێر و نیو

به‌شی کوردستان- پارێزگاری کوردستان ئه‌نجامه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: به‌ لابردنی ئاسته‌نگه‌کان تاوه‌کوو مانگێکی دیکه‌ سنووری سه‌یرانبه‌ندی بانه‌ ده‌کرێته‌وه‌ و به‌ دروست کردنی ڕێگه‌ی سنووری باشماخ، ماوه‌ی ڕێگه‌ی نێوان سنه‌ و سلێمانی ده‌بێته‌ دوو کاژێر و نیو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌همه‌ن مورادنیا پارێزگاری کوردستان له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی سه‌ردانه‌ دوو ڕۆژه‌که‌ی بۆ پارێزگای سلێمانی گوتی: "کردنه‌وه‌ی سنووری سه‌یرانبه‌ند گرنگترین مژاری گفتوگۆ بوووه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا بۆ سلێمانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی کێشه‌کان خه‌ریکه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێن و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سنووره‌ دروست بوووه‌ به‌ هاوکاریی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان لاده‌برێن، بڕیار درا هه‌فته‌ی داهاتوو دوو که‌س له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی ئه‌و سنووره‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌کان یه‌کلایی بێته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی مانگی داهاتوودا سنووره‌که‌ بکرێته‌وه‌".

مورادنیا به‌ ئاماژه‌دان به‌و لێکتێگه‌یشتنانه‌ی له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ سلێمانی واژۆ کراون که‌ شاندێکی بازرگانی و ئابووری پارێزگای کوردستانیشی له‌گه‌ڵدا بوووه‌ و له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌کر پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی ئه‌و پارێزگایه‌یان کردوووه‌ گوتی: "له‌و لێکتێگه‌یشتنانه‌دا چه‌ند پرسێک باس کرا وه‌ک کێشه‌کانی سنووری باشماخ و ستاندارده‌کانی ناردن و هاورده‌کردنی کاڵا. شه‌ش لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان وه‌ک کێشه‌کانی سنووری باشماخ و هه‌روه‌ها پرسه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ سه‌رمایه‌گوزاری سه‌رمایه‌دارانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران و سه‌رمایه‌دارانی ئێران له‌ هه‌رێمی کوردستان دروست کران".

پارێزگاری کوردستان دروست کردنی ژێرخانه‌کانی به‌ یه‌کێکی دیکه‌ له‌و پرسانه‌ ناو برد که‌ له‌و سه‌ردانه‌دا باسی لێوه ‌کراوه‌ وه‌ک ڕێگاوبان و گوتی: "ڕێگه‌ی سنووری نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ چوار ساید پلانی بۆ دانراوه‌ و ئێمه‌ش ئه‌و ڕێگایه‌ ئاماده ‌ده‌که‌ین که‌ له‌ ئه‌نجامدا ماوه‌ی نێوان سلێمانی تاوه‌کوو شاری سنه‌ بۆ دوو کاژێر و نیو که‌م ده‌بێته‌وه‌".

مورادنیا گوتی: "به‌ سه‌رنجدان به‌ لێکتێگه‌یشتنه‌کانی پێشووی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان ساڵانه‌ گرووپه‌ وه‌رزشی و هه‌روه‌ها زانکۆکان سه‌ردانی ئه‌و دوو پارێزگایه‌ ده‌که‌ن بۆیه‌ بڕیار درا بۆ ئاسانکاری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ڤیزه‌ی نێوان هه‌ردوولا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبگیرێت".

یه‌کێکی دیکه‌ له‌و پرسانه‌ی که‌ له ‌سه‌ردانی شانده‌ ئابوورییه‌که‌ی پارێزگای کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی باسی لێوه ‌کراوه‌ دروست کردنی شاره‌ پیشه‌سازییه‌کانه‌ و پارێزگاری سنه‌ گوتی: "دروست کردنی شاره‌ پیشه‌سازییه‌کان له‌ شاره‌ سنوورییه‌کانی مه‌ریوان، بانه‌ و سه‌قز یه‌کێک بوووه‌ له‌و پرسانه که‌‌ له‌و سه‌ردانه‌دا گفتوگۆی له‌سه‌ر کراوه‌ و بڕیار درا پارێزگای سنه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بکات له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئێرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دروست کردنی ئه‌و شاره‌ پیشه‌سازییانه‌ سه‌رمایه‌دارانی هه‌ردوولا که‌ڵک له‌و ئیمکاناتانه‌ وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، کۆتایی به‌ کۆڵبه‌ریش ده‌هێنێت".

شایانی باسه‌؛ به‌همه‌ن مورادنیا پارێزگاری کوردستان له‌ سه‌ردانێکی دوو ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ شاندێکی بازرگانی و ئابووری له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌کر پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی پارێزگای سلێمانییان کرد له‌ هه‌رێمی کوردستان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50282

Your Comment

You are replying to: .
captcha