بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی بە یاوەری وەزیرانی ناوخۆ عوسمان غانمی، بەرگریی جومعە عناد و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی گەیشتووەتە پارێزگای میسان.
بەپێی زانیارییەکان، مستەفا کازمی بە ئامانجی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی میسان، گەیشتووەتە پارێزگاکە کە لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکاندا، کۆ دەبێتەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت چەند رۆژێک لەمەوبەر دادوەری تایبەت بە دۆسیەی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەحمەد فەیسەڵ و ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان باشووری رۆژھەڵاتی عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران.
پێشتریش، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ، ھەروەھا ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان شاندێکیان رەوانەی پارێزگاکە کردووە.
Your Comment