کۆمه‌ڵ: بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌ت به‌رچاوڕوونیمان ده‌وێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ هه‌ر کاتێک کارنامه‌ی حکوومه‌ت له‌ لامان ڕوون بوویه‌وه‌ ئه‌وکاته‌ بزانین ئه‌و کارنامه‌یه‌ چه‌نده‌ له‌ خزمه‌تی هاووڵاتییاندایه‌ و دواتر بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قومرییه‌ شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان ئاشکرای ده‌کات: دوای گرژی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی چه‌ندین جار سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کردوووه‌ به‌ڵام تا ئێستا نه‌تواندراوه‌ گفتوگۆکان ببه‌نه‌ نێو بازنه‌یێکی به‌رفراوان و بۆ به‌شداری کردنیان له‌ حکوومه‌ت به‌رچاوڕوونییان ده‌وێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری کۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ به‌شداری کردن له‌ کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه‌ تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی که‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی کاری له‌سه‌ر ده‌کات، ئێمه‌ ڕامانگه‌یاندوووه‌ که‌ هه‌ر کاتێک کارنامه‌ی حکوومه‌ت له‌ لامان ڕوون بوویه‌وه‌، ئه‌وکاته‌ بزانین ئه‌و کارنامه‌یه‌ چه‌نده‌ له‌ خزمه‌تی هاووڵاتییاندایه‌، چه‌نده‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ ده‌کات که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ لامان وایه‌ که‌ بارودۆخی کوردستان زۆر هه‌ستیاره‌ بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین که‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕییانه‌ی که‌ پێشتر له‌ حکوومه‌تدا هه‌بوووه‌، ئه‌و گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی که‌ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانی نیگه‌ران کردوووه‌ نه‌مێنن، ئه‌وکات ده‌توانین به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی، بڕیاری خۆمان بده‌ین".

قومریه‌ به‌رزنجی له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌گه‌ری به‌شداری کردنیان گوتی: "تا ئێستا پڕۆژه‌یێکی ئاماده‌کراومان نییه‌ و به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌وه‌ کردوووه‌ته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی دامه‌زراوه‌کان بین و هه‌ر دامه‌زراوه‌یێک ڕێزی لێ بگیرێت و پێگه‌که‌ی دیاری بکرێت، ڕێز له‌ سه‌روه‌ریی یاسا بگیرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ ئێمه‌ بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تیی کۆمه‌ڵی ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری سه‌ردان نه‌کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک گه‌وره‌ترین فراکسیۆن له‌ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێم گوتی: "ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌رپرسانی پارتی بکرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان به‌پێی پڕه‌نسیپ و بنه‌ماکانی خۆی کاری کردوووه‌ نه‌ک ئه‌وانه‌ی که‌ پارتی بۆی داده‌نێت، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ نیگه‌رانی لای پارتی دروست کردبێت".

قومرییه‌ شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئێستادا ڕاشی‌گه‌یاند: "چه‌ندین گفتوگۆ هه‌بوووه‌ له ‌نێوانماندا، چه‌ند جارێک سه‌رۆکوه‌زیران سه‌ردانی کۆمه‌ڵی کردوووه‌ به‌ڵام تا ئیستا نه‌تواندراوه‌ گفتوگۆکان ببه‌ینه‌ بازنه‌یێکی به‌رفراوانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لێکتێگه‌یشتنمان هه‌بێت بۆ داهاتووی کوردستان بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم گرژی و ئاڵۆزییه‌کان وه‌لابندرێت".

شایانی باسه‌؛ له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی ڕابردوودا کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان حه‌وت کورسیی به‌ده‌ست هێنا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50241

Your Comment

You are replying to: .
captcha