بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا. باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق تیشکی خستەسەر سەردانەكەی ئەم دواییەی بارزانی بۆ بەغدا و سەردانەکەی بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد.
لە كۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کراوە كە حكوومەتی نوێی عێراق و پڕۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەرفەت و كەش و هەوایێكی نوێی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەر كردنی كێشەكان و جێبەجێ كردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق هێناوەتە ئاراوە. پەیوەست بە بارودۆخی كەركووكیش ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشدار بن.
جۆن ویلیكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لە بەردەوامی و توند و تۆڵتر كردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەروەها هاوكاری كردنی وەزارەتی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی وەزارەتەکەی كردووەتەوە.
لە تۆڕی میدیایی ڕووداو وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment